قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کونسوڵی گشتیی بەریتانیا کۆبووەوە
نهانیوز-هەواڵەکان
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە ئەندرۆ بیزڵی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێم و پێکەوە تاوتوێی چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولایان کرد
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی یەکشەمە(18/1/2026) بەڕێوەچوو، ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا لە بارەی پێکهێنانی هەر دوو حکومەتی نوێی هەرێم و حکومەتی نوێی فیدراڵ. لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە کە دەبێت ئەولەوییەتی هەر دوو حکومەتی داهاتووی هەرێم و فیدراڵ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان بێت و پێکەوە کار بکەن بۆ گەشەپێدانی ئابووری عێراق و کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی سوریا کرا. لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی نیگەرانی خۆی لە پەرەسەندنی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی سوریا دەربڕی و رایگەیاند پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەوڵی جدی بدات بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و هەنگاوی جدیش بنێن بۆ دابینکردن و گەرەنتیکردنی مافەکانی کورد لە چوارچێوەی سوریایەکی سەربەخۆ و دیموکراتیدا.
|