مەرجەکانی پێدانی زەوی بە مووچەخۆرانی گرێبەست ئاشکرا کرا
نهانیوز-هەواڵەکان
بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە گرێبەستەکانیش زەوی وەردەگرن، ئێستا خەریکی ئامادەکردنی ڕێنمایین و لە قۆناغی کۆتایی دایە، بەم نزیکانە دەست بە ڕێکاری پێدانی زەوی بە گرێبەستەکان دەکرێت، مەرجەکانیش ھەمان مەرجی فەرمانەرە ھەمیشەیەکانە."
سەربەست مەولود، بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان،رایگەیاند، "ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری داوە ئەوانەی گرێبەستن ھاوشێوەی ھەمیشەیەکان لە وەرگرتنی زەوی سوودمەندبن، ئێستا چاوەڕێ دەکەین ڕێنمایی دەربچێت و دەست بە ڕێکاری پێویست بکەین، ڕێنمایەکانیش لە نێوان ئێمە و ئەنجوومەنی وەزیران ئامادە دەکرێن، ئێستا لە قۆناغی کۆتاییدایە، هەر دەربچێت لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو دەکرێتەوە و دەست بە کارەکان دەکرێت بۆ ئەوەی ڕەزامەندییان بۆ وەربگیرێت، دواتر بۆ شارەوانییەکان ڕەوانە دەکرێت بۆ ئەوەی زەوییان پێ بدرێت."
سەربەست مەولود وتیشی "مەرجی پێدانی زەوی بە گرێبەستەکان ھەمان ئەو مەرجانەن کە بۆ ھەمیشەیەکان دیاریکراون، پێویستە ھەشت ساڵ خزمەتی ھەبێت، پێشتر زەوی وەرنەگرتبێت، لە ماوەیەکی نزیک ڕێنمایی دەردەچێت و لە ڕۆژنامە بڵاو دەکرێتەوە و دەست بە ڕێکارەکان دەکەین بۆ ئەوەی زەوی بە گرێبەستەکانیش بدرێت، چونکە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەرچووە گرێبەستەکانیش لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن."
|