نهانیوز-هەواڵەکان
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموکرات لە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیەندراوێکی بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی کردەوە کە “گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتی لە دیمەشق، ڕێککەوتننامە واژۆکراوەکانیان پێشێل کردووە و لە دوێنێوە تا ئێستا لە چەندین بەرەوە هێرشیان کردووەتە سەر پێگەکانی هێزەکانیان، سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە و نیشاندانی نیازپاکی، کە کشانەوە لە هەندێک ناوچە یەکێک بوو لەوانە”.
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر داوا لە هاووڵاتییان دەکات کە لەوپەڕی ئامادەباشیدا بن و پرەنسیپی بەرگریی لەخۆکردن بکەنە بنەما و شانبەشانی هێزە سەربازییەکانیان بوەستن و شارەکانیان بپارێزن و بەشداری لە جەنگی پاراستنی شکۆمەندیدا بکەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕوون کراوەتەوە کە “بەردەوامیی ئەم هێرشانە نیشاندەری پێداگریی دیمەشقە لەسەر پەرەپێدانی سەربازی و هۆشداریی دا لەوەی ئامانج لەم هێرشانە تێکدانی باری برایەتی نێوان پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و نانەوەی فیتنە و توندوتیژی، بەئامانجگرتنی پێکهاتە ڕەسەنەکان و سەپاندنی یەک ڕەنگییە لەسەر حیسابی ئەو هەمەجۆرییەی لە ناوچەکەدا هەیە”.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە قۆناغی ئێستا قۆناغێکی چارەنووسسازە و ئەوەی ڕوودەدات ئاڵنگاریکردنی بوونە کە هەڕەشە لە دەستکەوتەکانی شۆڕش و ناسنامەی کۆمەڵایەتی دەکات، داواشی لە گەل کرد کە یەکگرتوو بن و پێکەوە کار بکەن بۆ بەرگریکردن لە شارەکان و پاراستنی شکۆمەندی.
ڕاگەیەندراوەکە داوای پشتگیریکردنی بڕیاری ئامادەباشی گشتی کرد کە پێشتر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرەوە ڕاگەیاندرابوو و جەختی لە پشتیوانیکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات و یەکینەکانی پاراستنی ژن کردەوە.
ئاماژەی بەوە دا کە بەرگریی جەماوەری بژاردەی سەرەکییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشە بەردەوامەکان.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لە گرنگیی ئامادەباشی گشتی و یەکڕیزیی نێوان چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا کراوەتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییە مەیدانییەکانی.