هەسەدە هۆشداری لە کۆچپێکردنی زۆرەملێ دەدات
نهانیوز-هەواڵەکان
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەیاننامەیەکی فەرمیی سەبارەت بە دەنگۆکانی پەیوەست بە جووڵەی مەدەنییەکان لە ناوچەی "دێر حافر" بڵاوکردەوە. تێیدا هەسەدە بە توندی ئەو بانگەشانەی "وەزارەتی بەرگری" دیمەشقی ڕەت کردەوە کە گوایە ڕێگری لە هاووڵاتییان کراوە بۆ ئەوەی ناوچەکە جێبهێڵن.
هەسەدە جەختی لەوە کردەوە کە هۆکاری سەرەکیی پەککەوتنی جووڵەی هاووڵاتییان، هەڵکشانی گرژییە سەربازییەکان و ئەو بۆردومانە بەردەوامانەیە کە لەلایەن گروپەکانی سەر بە دیمەشقەوە ئەنجام دەدرێن.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە خودی حکومەتی دیمەشق بە فەرمی داخستنی دەروازەکانی لەگەڵ ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیاندووە، ئەمەش نیشانەی ناڕاستی گێڕانەوەکانی ئەوانە.
لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا هۆشداری دراوە کە هەر هەوڵێکی دیمەشق بۆ کۆچپێکردنی زۆرەملێی هاووڵاتییان، بەپێی ڕێککەوتننامەی 4ی جنێف و پەیڕەوی ڕۆما بە "تاوانی جەنگ" هەژمار دەکرێت.
هەسەدە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد کە ئیدانەی ئەم جۆرە ڕەفتارە مەترسیدارانە بکەن.
لە کۆتاییدا هەسەدە دەستخۆشی لە خەڵکی "دێر حافر" کرد کە ئەمڕۆ بە مانەوەیان لە ناوچەکانی خۆیان، پابەندییان بە خاک و ماڵەکانیانەوە سەلماند.
|