نهانیوز-هەواڵەکان
كەشناسێک پێشبینییەكانی كەشوهەوای ئەمشەو و سبەی پێنجشەممەی خستە ڕوو، ڕاشیگەیاند، ئەمشەو، ئەگەری بەفربارین لە سەنتەری شارەكانی كوردستان هەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14ـی 1ـی 2026، ئاراس جەباری، شارەزای بواری كەشناسی و بومەلەرزەزانی، ڕایگەیاند: "کاریگەریی شەپۆلی دەریای ناوەڕاست لەسەر ناوچەکانمان بەردەوامی هەیە و سوپاس بۆ خودا ئەمرۆش ڕێژەیەکی باش بەفر و باران باریەوە."
ئەوەشی خستە ڕوو، كە ئەگەری بەفربارین بۆ ئەمشەو لە سەنتەری بەشێک لە شارەکانی كوردستان هەیە.
ئەو كەشناسە ڕاشیگەیاند: "بە گشتی لەکاتەکانی ئێستا و چەند کاتژمێری داهاتوودا ئەگەرەکانی بارینی بەفر زیاتر دەبێت بۆ سەنتەری ئەو شار و ناوچانەی بەرزیان زیاترە لە 700 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا، واتا سەنتەری سلێمانی، سۆران، هەڵەبجە، شەقڵاوە و ماوەت و سەرجەم ئەو ناوچانەی لەو ئاستەدایە بەفر دەبارێت و نزمتر هەر بەشێوەی باران دەبێت، بەڵام ڕێژەکەی کەم دەبێت."
بۆ شەپۆلی ئەمجارە دەڵێ: "لە کۆتایی شەپۆلەکەداین لە سنووری پارێزگای دهۆک و کەرکووک و ناوچەکانی گەرمیان زووتر کۆتایی پێدێت، بەڵام لەناوچەکانی ئیدارەی سۆران و سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەرین تا کاتەکانی بەیانی سبەی پێنجشەمە 15ـی 1ـی 2026، بەردەوامی دەبێت و ناوبەناو بەفر و بارانی کەم و پچر پچر دەبارێت."
لەبارەی سبەی پێنجشەممەوە، ئاراس جەبار باسی لەوە كرد، "بە گشتی کەش لە زۆربەی ناوچەکان جێگیر دەبێت، بەڵام ئاسمانی ناوچەکە بەنیمچە هەوری دەمێنێتەوە و لەگەڵ دروستبوونی تەم و لەکاتەکانی نیوەرۆ بۆ ئێوارەش ئەگەری چربوونەوەی هەوری ناوخۆیی دەبێت، كە لە هەندێک شوێنی سنووری پارێزگای سلێمانی و دووبارە ئەگەری بارینەوەی پڕوشەبەفر دەبێت، پاشان دابارین لە ئێوارەدا کۆتایی پێدێت و پلەکانی گەرما لە شەودا بۆ بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 16/1/2026 بەرێژەیەکی زیاتر نزم دەبنەوە و بەستن و شەختە لەناوچە بەرزەکان دروست دەبێت بەتایبەت لەناوچە شاخاوییەکان بەرێژەیەکی زیاتر پلەکانی گەرما 7 تا 12 پلە بۆ ژێر سفر نزم دەبنەوە و لەگەڵ دروستبوونی تەمی بەستوو لە هەوادا، والله اعلم..