دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران خێراتر دەبێت
نهانیوز-هەواڵەکان
بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، “پرۆسەی ڕەزامەندی بۆ وەرگرتنی زەوی بۆ فەرمانبەران لە قۆناغی کۆتاییدایە، ئێستا شارەوانییەکان خەریکی دابینکردنی زەوین و بڕیارە پرۆسەکە خێراتر بکرێت بۆ ئەوەی ئەوانەی ڕەزامەندییان ھەیە زەوییان پێبدرێت.”
سەربەست مەولود، بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی وتی، “پرۆسەی وەرگرتنی زەوی لای ئێمە بەکۆتا ھاتووە، کاری وردبینیکردن و وەرگرتنی ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران و تەنیا تاک تاکە ماوە، ئەوانیش بۆمان بێت ڕەزامەندییان بۆ وەردەگرین، بۆیە ئێستا شارەوانییەکان خەریکی دابینکردنی زەوین بۆ دابەشکردن، بەشێکی دابەشکراوە، بۆ ئەوانەی دیکەیش بەردەوام خەریکن، وەزارەتیش بەردەوام لەسەر خەتە و داوایان لێ دەکرێت پەلە بکەن، وەزیر خۆیشی لەگەڵیان کۆدەبێتەوە، بۆ ئەوەی نەخشە تەواوکەن و تیروپشک بکەن”.
ڕاشیگەیاند، بەڵام ئەوانیش کێشەی خۆیان ھەیە لە وەزارەتی کشتوکاڵ و تاپۆ و وەزارەتی دارایی و فەرمانگەکانی دیکەی پەیوەندیدار، بۆیە بەردەوام کاری لەسەر دەکەن، داوامان لێ کردوون پەلە بکەن، چونکە ڕەزامەندییان ھەیە و فەرمانبەریش چاوەڕێ دەکەن زەوی خۆیان وەربگرن، بۆیە ئەوەی ڕەزامەندی ھەیە دەبێتە خاوەن زەوی لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستان”.
وتیشی “ئێمە وەکو وەزارەتی شارەوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەردەوام لەگەڵیان لەسەر خەتین بۆ ئەوەی بەزووترین کات کاری خۆیان تەواو بکەن، چونکە نزیکەی ٤٩٠ ھەزار فەرمانبەر لە زەوی وەرگرتن سوودمەند دەبن، ئێمەش لە وەزارەت لەگەڵ شارەوانییەکان لەسەر خەتین و ھاوکارین بۆ ئەوەی بەزووترین کات کارەکان تەواو بکەن و زەوییەکان دابەشی سەر فەرمانبەران بکەن.”
|