نهانیوز-هەواڵەکان
شارەزایەکی کەشناسی ڕایدەگەیەنێت کە لە ئەمڕۆوە شەپۆلێکی بەفر و باران دەستپێدەکات و لە ناوەڕاستی هەفتەشدا شەرپۆلێکی دیکە ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات.
ئەمڕۆ هەینی، د. لوقمان موفتی شارەزای کەشناسی دەربارەی پێشبینی بۆ ئەو دوو شەپۆلی بارانەی ئەمڕۆ و هەفتەی داهاتوو ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن رایگەیاند، بارانی باش بۆ هەموو ناوچەکانی هەرێم پێشبینی دەکرێ لەبەر قووڵی نزمە پەستانەکەی یەکەم کە ئەمڕۆ و بەیانیە پێشبینی دەکرێ باران بگاتە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش.
ئەوەشی خستەڕوو کە شەپۆلەکە سەرەتا لە زۆربەی ناوچەکان تەنانەت شاخاویەکانیش بە باران دەستپێدەکات تەنها لەو ناوچە کوێستانییە سنوورییانە بەفر دەبێت کە بەرزیان سەروو 1200مەترە.
ڕوونیشیکردەوە کە پێشبینی دەکرێت لە شەپۆلی دووەم ئەگەری بەفر زیاترە و ساردترە کە ڕۆژانی سێشەمە و چوارشەمە دەبێت لەگەڵ ئەگەری پەڵە هەوری لابەلا بۆ ڕۆژی پێنجشەممە.
لوقمان موفتی ڕاشیگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ تا بەیانی زوو ئەگەری ڕێژنە بارانی بەهێزی ناو بەناو هەیە لە زۆربەی ناوچەکان و ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هەیە لە نزمایی و دۆڵ و چەمەکان بۆ ناوچە کوێستانیەکانی هەرێم و باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ئەگەری بەفری چڕ هەیە.
شارەزاکەی کەشناسی وتیشی: “بە پێویستی دەزانم خەڵکی ئەو ناوچانە ئاگادار بکرێنەوە بە ڕاماڵینی سەربانەکان لە بەفر بە بەردەوامی، چونکە خەڵکی بە گشتی وا دەزانێ بەفر سووکەو کێشی نیە، بەڵام لە ڕاستیدا بەفر قورسە و کەڵەکەبوونی بڕی بەفری زۆر لەسەر بانەکان ئەگەری مەترسی داڕمانی بانەکان دروست دەکات.