کەشناسی: شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات
نهانیوز-هەواڵەکان
کەشناسی رایگەیاند کە پلەکانی بەرداورد بە دوێنێ 1 بۆ 2 پلە بەرزدەبنەوە و لە کۆتایی هەفتەشەوە شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ ئەمڕۆ و سبەینێ بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت و ناوچە شاخاوییەکان نیمچە هەور دەبێت، پلەکانی گەرماش بەرداورد بە دوێنێ 1 بۆ 2 پلە بەرزدەبنەوە، پلەکانی گەرماش لەنێوان 5 بۆ 16 پلەی سیلیزییدا دەبن.
لای خۆشییەوە هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی بە میدیاکانی راگەیاند" لە ڕۆژی هەینی داهاتووەوە شەپۆلێکی دیکەی بەفر و بارانبارینی مامناوەند و بارانی بەخوڕ هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەگرێتەوە.
وتیشی" لە ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر و دهۆک و سۆران و ڕاپەڕین و سلێمانی و هەورامان بەفربارین دەستپێدەکاتەوە و لە ناوچە دەشتاییەکانی هەولێر و کەرکوک و گەرمیان ئەگەری بارانبارینی مامناوەند هەیە".
ڕاشیگەیاند" لە بەشێک ناوچە شاخاوییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی هەرێم ئەگەری بارانبارینی بەخوڕ بۆ بارانی بەلێزمە هەیە و لە هەندێک شوێن و ناوچەشدا ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و دروستبوونی لافاو هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا لە ناوچە شاخاویی و بەرز و ساردەکانیش ئەگەری بەفربارین هەیە".
|