کەشناسی:شەپۆلێکی بەفربارین ناوچەکە دەگرێتەوە
نهانیوز-هەواڵەکان
لە دوێنێوە شەپۆلێکی بەفر و باران ناوچەکانی باکوور و ڕۆژئاوای هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و لە زۆرێک لەو ناوچانە بەفر تا بەرزی 500 مەتر دابەزیوە. بەپێی نوێترین پێشبینییەکان، کاریگەریی ئەم شەپۆلە بۆ سەر ناوچەکانی دیکەی هەرێم فراوانتر دەبێت.
ماردین شێخ سەلام زڵزڵەیی شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، لە ئەمشەوەوە کاریگەریی شەپۆلەکە بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت. چاوەڕوان دەکرێت لە کاتەکانی شەودا باران و بەفربارین دەست پێ بکات و تاوەکو پاشنیوەڕۆی سبەی هەینی (2ی کانوونی دووەمی 2026) بەردەوام بێت و دواتر کۆتایی بێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، پێشبینی دەکرێت لە کاتی شەپۆلەکەدا، بەفربارین تاوەکو بەرزی 1000 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا شۆڕ ببێتەوە. هاوکات ئاماژە بەوە دراوە کە کاریگەریی ئەم شەپۆلە بۆ سەر ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی گەرمیان و کەرکوک تا ڕادەیەک لاواز دەبێت.
ئەو شارەزای کەشناسییە، داوا لە هاووڵاتیان و شۆفێران دەکات لە کاتی هاتووچۆکردن لە ناوچە شاخاوییەکان و ئەو شوێنانەی بەفریان لێ دەبارێت، وریای پاراستنی سەلامەتی خۆیان بن، بەتایبەت بەهۆی ئەگەری دروستبوونی تەم و نزمبوونەوەی ئاستی بینین.
|