شەقامێکی سلێمانی بەربەست دەکرێت
نهانیوز-هەواڵەکان
بە مەبەستی ڕەخساندنی کەشێکی گونجاو بۆ هاوڵاتیان و کەمکردنەوەی لۆدی هاتوچۆ لە شەوی سەری ساڵدا، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بڕیارێکی تایبەتی سەبارەت بە شەقامی سەرەکی "سالم" دەرکرد.
بەهمەن عەبدوڵڵا، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (نها نیوز) ڕایگەیاند"بەهۆی ئەو قەرەباڵغییە زۆرەی چاوەڕوان دەکرێت لە سەری ساڵدا دروست ببێت، بڕیاردراوە لە سەعات 4:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمرۆ چوارشەممە تاوەکو بەرەبەیانی ڕۆژی دواتر، شەقامی سالم بەربەست بکرێت."
بە وتەی بەهمەن عەبدوڵڵا، لەو ماوە دیاریکراوەدا شەقامەکە لە پردی خەسرەوخاڵەوە تاوەکو بەردەم باخی گشتی بە ڕووی ئۆتۆمبێلدا دادەخرێت و تەنها بۆ پیاسەی هاوڵاتیان و گەشتیاران تەرخان دەکرێت، تاوەکو بە ئازادی و بەبێ جەنجاڵی ئۆتۆمبێل کاتەکانیان بەسەر ببەن.
داوا لە شۆفێران دەکرێت بۆ هاتوچۆکردنیان ڕێگە جێگرەوەکان بەکاربهێنن و هاوکاری کارمەندانی هاتوچۆ بن، تاوەکو هیچ گرفتێکی هاتوچۆ لە شەقامەکانی تری دەوروبەری ناوەندی شار دروست نەبێت.
|