كۆمپانیای سۆمۆ: رێككه‌وتنی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا درێژکرایەوە
نهانیوز-هەواڵەکان
جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای سۆمۆ رایگه‌یاند كه رێككه‌وتنی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بۆ ماوه‌ی سێ مانگی تر درێژكراوه‌ته‌وه.
د. حه‌مدی شنگالی، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای سۆمۆ بۆ رووداو وتی: "رێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بۆ ماوه‌ی سێ مانگی دیكه و تاوه‌كو 31ـی ئاداری 2026 درێژ كراوه‌ته‌وه".
وتیشی: "هیچ گۆڕانكارییه‌ك له ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌دا نه‌كراوه و وه‌كو خۆی درێژكراوه‌ته‌وه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه درێژكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌كه به شێوه‌ی سێ مانگ به سێ مانگ ده‌بێت، تا ئه‌وكاته‌ی یاسای نه‌وت و گاز و یاسای بودجه‌ی نوێ په‌سه‌ند ده‌كرێن.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه هیچ گفتووگۆیه‌كی نوێ له‌گه‌ڵ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان كه له هه‌رێم كارده‌كه‌ن نه‌كراوه و مه‌رجه‌كان وه‌ك خۆیان ماونه‌ته‌وه.
د. حه‌مدی شنگالی ئاشكرای كرد كه "ئێستا تێكڕای هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی 200 هه‌زار به‌رمیله له رۆژێكدا، جگه له‌و 50 هه‌زار به‌رمیله‌ی بۆ ناوخۆ ته‌رخان كراوه".
راشیگه‌یاند كه "توركیا زۆر به جددی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆسیه‌یه ده‌كات و بۆرییه‌كه به سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگ ده‌زانێت، به‌ڵام ئه‌نقه‌ره خوازیاره رێككه‌وتنه‌كه فراوانتر بێت و ته‌نها نه‌وت نه‌گرێته‌وه، به‌ڵكو وزه، كاره‌با و ته‌نانه‌ت پڕۆژه‌كانی ئاویش بگرێته‌وه".
|