کوردستان

بەفربارین سەنتەری شارەکانی هەرێم دەگرێتەوە

نهانیوز-هەواڵەکان

شارەزایەكی كەشناسی ڕایدەگەیەنێت کە پلەی گەرما بە ڕێژەی 8 تا 12 پلە بە جیاوازیی ناوچەکان نزم دەبێتەوە، لەگەڵ بارینی بەفر لە سەنتەری شارەکاندا.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی، لەبارەی ئەو شەپۆلە نوێیەی كە پێشبینی دەكرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكات، دەڵێت: “لە ئەنجامی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی جەمسەری باکوور کە بارستەهەوایەکی ساردی لەگەڵدا دەبێت، لە ئێوارەی رۆژی دوو شەممەوە 29/12/2025، شەپۆلێکی سەرما و بەفربارین ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پلەی گەرما بە ڕێژەی 8 تا 12 پلە بە جیاوازیی ناوچەکان نزم دەبێتەوە، لەگەڵ بارینی بەفر لە سەنتەری شارەکاندا.”

ئەوەش خستووەتەڕوو: “بە گوێرەی کاریگەریی ئەو بارستەهەوایە لە سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆك لە بەرزیی 500 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە، لە سنوری ئیدارەی ڕاپەرین لە بەرزیی 600 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە، لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها باکووری گەرمیان لە بەرزیی 700 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە، بەفر دەبارێت.”

ئەو شارەزای كەشناسییە ئاماژەی بەوەش داوە، کاریگەریی شەپۆلی بەفربارینەکە تا بەرەبەیانی ڕۆژی سێ شەمە 30/12/2025، بەردەوام دەبێت، کاریگەریی شەپۆلی سەرما و شەختە و بەستن تا کۆتایی هەفتە ڕۆژی هەینی 2/1/2026، بەردەوام دەبێت.”

ئاراس جەبار ڕوونیشی كردووەتەوە، پلەی گەرما لە ناوچە شاخاوییەكاندا و لە شەواندا، 8 تا 15 پلە بۆ ژێر سفری سەدی دادەبەزێت، لە سەنتەری شارەكان و ناوچە نزمەكانیش، 2 تا 5 پلە بۆ ژێر سفری سەدی دادەبەزێت، ڕێژەی بارینی بەفریش لەم شەپۆلەدا بە گوێرەی بەرز و نزمییەکان لە 5 سانتیمەتر تا 60 سانتیمەتر دەبێت.

ئەو شارەزایەی كەشناسییە ئاماژەی بە ناوی بەشێك لەو شوێنانە كردووە، كە ئەگەری بەفربارین لێیان هەیە: سەنتەری شاری سلێمانی، دهۆک، زاخۆ، سۆران، سیدەکان، شەقڵاوە، رەواندز، ئاکرێ، بارزان، قەسرۆک، کۆیە، ڕانیە، قەڵادزێ، بەرزنجە، چوارتا، ماوەت، عەربەت، چەمچەماڵ، سەنگاو، بازیان، سورداش، قەرەداغ.

 
3کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.