کوردستان

وادەی جێبەجێکردنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم راگەیەنرا

نهانیوز-هەواڵەکان

پرسی بەرزکردنەوەی پلەی وەزیفیی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەچێتە قۆناغێکی نوێوە، لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی هەرێم دەستی بە ئامادەکاری کردووە، ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران وادەی دەستپێکردنی پڕۆسەکە ئاشکرا دەکات.

غەریب ئەحمەد، ئەندامی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ڕۆژنامەی فەرمی یەکێتی ڕایگەیاندووە، “بەرزکردنەوەی پلەی وەزیفیی فەرمانبەرانی هەرێم هاوشێوەی ناوچەکانی تری عێراق مافێکی یاساییە و نەدەبوو ڕابگیرێت.”

ئاماژەی بەوەش کردووە، کە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە و خەرجکردنی شایستە داراییەکان دەکەوێتە دوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2026.

ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە، کە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکی فەرمیدا داوای لە سەرجەم وەزارەتەکان کردووە، لیستی ناوی ئەو فەرمانبەرانە ئامادە بکەن کە شایستەی پلەبەرزکردنەوەن، بۆ ئەوەی ئاراستەی بەغداد بکرێت و ڕێکارە داراییەکانی بۆ تەواو بکرێت.

لە لایەکی ترەوە، سادق عوسمان، وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان، تیشکی خستە سەر لایەنێکی تری پرسەکە و ڕایگەیاند: “تا ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە کە ئایا پلەبەرزکردنەوە تەنها بۆ ساڵی داهاتوو هەژمار دەکرێت، یان قەرەبووی ئەو نۆ ساڵەش دەکرێتەوە کە تێیدا پلەبەرزکردنەوە وەستێنرابوو.”

وتەبێژی خانەنشینان جەختی لەوەش کردەوە کە وەک یەکێتییەکەیان هەموو هەوڵێکی یاسایی دەدەن بۆ ئەوەی مافی خانەنشینان نەفەوتێت، بەتایبەت ئەو فەرمانبەرانەی لە ماوەی ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەدا خانەنشین بوون و پلەکانیان بۆ هەژمار نەکراوە.

 
1 کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.