کوردستان

هۆشداری گۆڕانکاری کەشوهەوا دەدرێت

نهانیوز-هەواڵەکان

شەپۆلێکی “زەبەلاح” ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات و شارەزایەکی کەشناسیش هۆشداری لە گرتنەبەڕی ڕێوشوێنی پێویست دەدات.

هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، شارەزای کەشناسی، ڕایگەیاند، کە ئەمشەو گۆڕانکاری بەرچاو لە پێشبینییەکاندا ڕوویداوە. شەپۆلەکە کە بڕیارە لە ڕۆژانی (27 و 28 / 12 / 2025) ڕوو لە هەرێم بکات، لە شەپۆلێکی مامناوەندەوە گۆڕاوە بۆ شەپۆلێکی “بەهێز و مەترسیدار”.

ئاماژەی بەوەشداوە، بەهۆی دابەزینی پەستانی هەوا و دروستبوونی هەوری “سوپەرسێڵ”، پێشبینی دەکرێت لە هەندێک ناوچە بڕی بارانبارین بگاتە 200 ملم، ئەمەش مەترسییەکی جدیی دروستبوونی لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو دروست دەکات.

هاوکات لەگەڵ بارانی بەخوڕ، لە شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر دادەبەزن. شەپۆلێکی چڕی بەفربارین سەرجەم ناوچە شاخاوییەکان و ئەو شوێنانەی بەرزییان لە 1000 مەتر زیاترە دەگرێتەوە. لە ڕۆژی سێشەممەدا، بەفربارین دەگاتە سەنتەری شارەکانی سلیمانی و دهۆک و ئەو ناوچانەی بەرزییان لە 700 مەتر زیاترە، پێشبینی دەکرێت لە سەنتەری شارەکان 2 بۆ 7 سم و لە ناوچە شاخاوییەکان 10 بۆ 40 سم بەفر ببارێت.

ئەو شارەزای کەشناسییە راشیگەیاند، بەهۆی چڕی بارانەکە و دروستبوونی هەورە زەبەلاحەکان، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین ئامادەکاری تەواو بکەن بۆ هەر ڕووداوێکی نەخوازراو.

هەرچەندە پێشبینی دەکرێت بارانی ڕەحمەت بێت، بەڵام خێرایی و لێزمەی بارانەکە وای کردووە کە شارەزایان هۆشداری بدەن لەوەی ئەم شەپۆلە مەترسی لافاوی لەگەڵە.

لە کۆتاییدا جەخت کراوەتەوە کە هێشتا گۆڕانکاری ورد لەم شەپۆلەدا ماوە و لە هەر پێشهاتێکی نوێدا هاووڵاتیان ئاگادار دەکرێنەوە

 
1 کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.