شەڕ لەنێوان ئاسایش و حکومەتی سوریا دەستیپێکرد
نهانیوز-هەواڵەکان
پێکدادان و شەڕێکی توند لە میحوەرەکانی هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هێزەکانی حکومەتی سوریا بەردەوامە.
لە نوێترین پێشهاتی مەیدانیدا، ئێوارەی ئەمڕۆ هێرش کرایە سەر بازگەیەکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە دەوروبەری مەیدانی “شیحان” لە شاری حەلەب. لە ئەنجامی هێرشەکەدا، کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی حکومەتی دیمەشقەوە ئەنجامدرا، دوو ئەندامی ئاسایش بریندار بوون.
فەرماندەیی ئاسایش لە بەیاننامەیەکدا حکومەتی دیمەشقی بە بەرپرسیاری تەواوەتی ئەم “دەستدرێژییە” زانی و ڕایگەیاند کە ئەم جۆرە کارانە ئاسایشی شارەکە و ژیانی مەدەنییەکان دەخاتە مەترسییەوە و نیشانەی دەستەوەستانیی دیمەشقە لە کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکانی.
حکومەتی سووریا هۆشداری دەدات کە ناوچەی جەزیرە (ڕۆژهەڵاتی فورات) بەشێکی بنەڕەتییە لە خاکەکەی و هەر دواکەوتنێک لە تێکەڵبوونی هەسەدە بە دامەزراوەکانی دەوڵەت، کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئەو ناوچەیە دەبێت.
|