دابەشکردنی قەرەبوو بەسەر زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ دەستیپێدەکات
نهانیوز-هەواڵەکان
ئەمڕۆ دووشەممە، پرۆسەی دابەشکردنی قەرەبوو بەسەر زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ دەستیپێدەکات و ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبیت، کە تیایدا هەزار و 302 خێزان لە ڕێگەی چەکی بانکییەوە قەرەبووەکانیان وەردەگرن، کە کۆی پارە کۆکراوەکان تا ئێستا زیاتر لە 11 ملیار و 676 ملیۆن دیناری تێپەڕاندووە.
پرۆسەکە بەشێوەیەک ڕێکخراوە کە سەرەتا زیانلێکەوتووان سەردانی هۆڵی سالار فەقێ دەکەن بۆ وەرگرتنی چەکی قەرەبوو، پاشان چەکەکان دەبەنە بانکی چەرموو بۆ وەرگرتنی پارەکەیان.
لای خۆیەوە سالم خەڵەف، بەڕێوەبەری بانکی چەرموو ڕایگەیاند، ئەمڕۆ کارمەندانی بانک لەسەر کار بەردەوام دەبن تا دوایین هاووڵاتیی پارەکەی بۆ خەرج دەکرێت.
بەگوێرەی خشتەی دابەشکردن، ئەمڕۆ تایبەت کراوە بە زیانلێکەوتووانی سەنتەری شارۆچکەی چەمچەماڵ، سبەینێ سێشەممەش نۆرەی دانیشتووانی شارەدێیەکانی شۆڕش، تەکیە و ئاغجەلەرە. بەڕێوەبەری بانکی چەرموو دڵنیایی دایە هاووڵاتییان کە هەر کەسێک لەو دوو ڕۆژەدا فریای وەرگرتنی پارەکەی نەکەوێت، بڕی قەرەبووەکەی وەک خۆی دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی سەردانی بانک دەکات.
|