کوردستان

قوباد تاڵەبانی: بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەر شانازییەکی گەورەیە بۆ یانەی زاخۆ و وەرزشی کوردستان

نهانیوز-هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ و ورزشی کوردستان دەکات بەبۆنەی بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەر و دەڵێت" شانازییەکی گەورەیە بۆ یانەی زاخۆ و وەرزشی کوردستان و بۆ هەموو خەڵکی کوردستان".

سێشەممە 16ی کانوونی یەکەم قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێم لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ دەکات بەبۆنەی بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەر و رایگەیاند" بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەر لەسەر ئاستی جیهاندا، شانازییەکی گەورەیە بۆ یانەی زاخۆ و وەرزشی کوردستان و بۆ هەموو خەڵکی کوردستان. لە دڵەوە پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ و هاندەران و دانیشتووانی زاخۆ و هەموو کوردستان دەکەم".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی هاتوە" شیرینی و خۆشی بردنەوەی ئەم خەڵاتە لەوەدایە کە بەرهەمی هاوسۆزی و پاڵپشتی هەموو خەڵکی کوردستان بوو. گەلی کورد کەوا بەو هەموو ستەم و سەرکوت و ئازارەی بەسەریدا هاتووە، هەر زیندووە و هەر بەرەوپێش دەچێت، بەرهەمی ئەو هاوسۆزی و یەکدڵییەی خەڵکە".

جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەت لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا رایدەگەیەنێت" لەم ماوەیەدا هەمووان یەکدڵ و یەکدەنگ پشتیوانیی زاخۆ بوون و ئەمڕۆش لە جەژن و خۆشیی زاخۆییەکاندا بەشدارن، هەروەکچۆن لە ماوەی هەفتەی رابردوودا لە ناخۆشیشدا هەمووان هاوسۆز و پشتیوانیی خەڵکی چەمچەماڵ و گەرمیان بوون. ئەم هەستە پیرۆزەی هاوسۆزی و هاوچارەنووسی و یەکدەنگییەی لەناو خەڵکی کورددا هەیە، هیوادارین بگوازرێتەوە بۆ ناو سیاسەتیش، چونکە ئەمە رێگە دروستەکەیە بۆ ئەوەی گەلەکەمان بەرەو دەستکەوتی گەورەتر هەنگاو بنێت".

 
10کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.