قوباد تاڵەبانی لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەو وەفدێکی دامودەزگاکانی گەرمیان کۆبووەوە
نهانیوز-هەواڵەکان
قوباد تاڵەبانی لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەو وەفدێکی دامودەزگاکانی گەرمیان و کۆبووەوەو ئامادەیی تەواوی دەربڕی بۆ هاوکاریکردنی خێرای سەرجەم دامودەزگاکان و چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشە و گرفتەکان لە سنورەکە.
ئەمڕۆ، دووشەممە (15ی کانوونی یەکەمی 2025)، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە شاری سلێمانی لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و نوێنەری جێگری سەرۆکی حکومەت لەگەرمیان، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنان، بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانی گەرمیان، و سەرۆکی شارەوانی کەلار کۆبوەوەو لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، بە نیگەرانییەکی قووڵەوە باسی لە کارەساتی لافاوەکەی هەفتەی رابردوو کرد و خەم و دڵتەنگیی خۆی دەربڕی بۆ ئەو زیان و زەرەرە زۆرەی کە بەر ژمارەیەکی زۆر ماڵ و موڵکی هاوڵاتیان و شوێنە گشتییەکان کەوتووە.
هاوکات قوباد تاڵەبانی خەمخۆری و دڵسۆزی خۆی بۆ ئەو منداڵە دەربڕی کە بەهۆی ئەم کارەساتەوە لە کەلار گیانی لەدەستداو ئامادەیی تەواوی دەربڕی بۆ هاوکاریکردنی خێرای سەرجەم دامودەزگاکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و چارەسەرکردنی بنەڕەتی ئەو کێشە و گرفتە ژێرخانییانەی کە بوونە هۆی دووبارەبوونەوەی لافاو لە سنورەکە.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تەرخان کرا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر گەشەسەندن و پەرەپێدانی ئابووری و ئاوەدانی گەرمیان و قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی پتەوکردنی ژێرخانی ئابووریی گەرمیان و رەخساندنی هەلی کاری زیاتر بۆ هاوڵاتیانی ناوچەکە، بۆ ئەم مەبەستەش، داوایکردکە گرنگی تایبەت بە پرۆژەکانی وەبەرهێنانی پیشەسازی بدرێت، هەروەها، پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ دامودەزگا پەیوەندیدارەکان دووپاتکردەوە بۆ ئەوەی دەستکراوەتر بن لە کارکردن و ڕاپەڕاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان.
|