قوباد تاڵەبانی: هەموو سەرچاوە داراییەكان بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووان بەكاردەهێنین
نهانیوز-هەواڵەکان
قوباد تاڵەبانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، دڵمان لای یەكە بە یەكەی زیانلێكەوتووان و خەڵكی ئازیزی چەمچەماڵ و دەوروبەرییەتی و دڵنیایان دەكەینەوە تا كۆتایی لەگەڵیان دەمێنینەوە و هەمووان قەرەبوو دەكرێنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش هەموو سەرچاوە داراییەكان بەكاردەهێنین، راشیگەیاندووە: رێوشوێنی پێویست و زانستی دەگرینەبەر بۆ ئەوەی كارەساتی هاوشێوە دووبارە نەبێتەوە.
دەقی راگەیەندراوەکە:
بۆ جاری دووەم سەردانی چەمچەماڵی ئازیزمان کرد بە مەبەستی دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەهید ئاکۆ سابیر و هەروەها بەدواداچوون بۆ چۆنییەتی کارکردنی هەردوو یەکەی فریاکەوتنی خێرای مرۆیی و چاکبوونەوە و کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوە کە لە سەردانی یەکەمدا فەرمانی پێکهێنانمان بۆ دەرکردبوون.
جێی دەستخۆشی و پێزانینە کە یەکەی فریاکەوتنی خێرا بە هاوکاریی خەڵکی خێرخواز و خۆبەخش و سەرمایەدارەکان و هەموو لایەنە پەیوەندیدارە حکومییەکان تا رادەیەکی باش توانیویانە خزمەتی زیانلێکەوتووان بکەن و بەردەوامن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکەیان. هەموو دانیشتووانی چەمچەماڵ و دەوروبەری دڵنیا دەکەینەوە لە ئەمڕۆ بە دواشەوە هەروەک رۆژانی پێشوو سات بە سات لەگەڵ لیژنەکە بەردەوام دەبین تا ئەو کاتەی هەموو زیانلێکەوتووان بە تەواوی قەرەبوو دەکرێنەوە و بۆ ئەم مەبەستەش هەموو سەرچاوە داراییەکان بەکاردەهێنین.
سوپاسی ئەندامانی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەش دەکەم کە لە چەند رۆژی رابردوودا بە شێوەیەکی زانستی لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە و کەمتەرخەمییەکان و چۆنییەتی رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی رووداوی هاوشێوە لە داهاتوودا کردووە.
بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە هەر یەکە لە بەڕێزان قائیمقامی چەمچەماڵ، سەرۆکی شارەوانیی چەمچەماڵ، سەرۆكی شارەوانیی ناحیەی شۆڕش و بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ لە پۆستەکانیان بەخشران و بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕشیش کە ئامادەنەبوو داوای بەخشین بکات، بەڵام بەپێی راپۆرتی کۆمیسیۆن کەمتەرخەم بووە، لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
جارێکیتر دووپاتی دەکەینەوە دڵمان لای یەکە بە یەکەی زیانلێکەوتووان و خەڵکی ئازیزی چەمچەماڵ و دەوروبەرییەتی و دڵنیایان دەکەینەوە تا کۆتایی لەگەڵیان دەمێنینەوە و هەمووان قەرەبوو دەکرێنەوە و رێوشوێنی پێویست و زانستیش دەگرینەبەر بۆ ئەوەی کارەساتی هاوشێوە لە داهاتوودا دووبارە نەبێتەوە.
لە کۆتاییدا لە دڵەوە سوپاسی ئەو هاوسۆزی و هاوخەمییەی هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم، هەروەها سوپاسی ئەو خەڵکە ئازیزە لە هەموو شار و شارۆچکە جیاوازەکانی کوردستان دەکەم کە هەر کەس بەپێی توانای دارایی خۆی یارمەتی زیانلێکەوتووانی کردووە. سوپاسی تایبەتیش بۆ هەموو خەڵکی خۆبەخش و رێکخراوەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان و سەرمایەدارەکان دەکەم بۆ یارمەتیدانی خەڵکی چەمچەماڵ و زیانلێکەوتووان.
ئەم هەستی هاوسۆزی و هاوکارییەی گەلەکەمان لەکاتی کارەسات و ناخۆشیدا گەورەترین سەرمایەی نیشتمانییە و جێی شانازی و سەربەرزی و لە هەمان کاتیشدا ساڕێژکەرەوەی برینەکانە.
|