نهانیوز-هەواڵەکان
جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند کە ئامادەن بۆ گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت بە مەرجی "هاوبەشیی راستەقینە" دەشڵێت" حکومەت دەستەوەستان نابێت و هەموو رێوشوێنێکی پێویستی گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی خێزانە زیانلێکەوتووەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی کانوونی یەکەم، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێشوازی لە ئەندرۆ بیزڵی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا کرد. دۆسیەی لافاوەکەی ئەم دواییەی ناوچەکانی چەمچەماڵ و گەرمیان و چۆنیەتی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان، تەوەرێکی سەرەکیی دیدارەکە بوون.
لە دیدارەکەدا کونسوڵی گشتیی بەریتانیا پرسە و هاوخەمی خۆی ئاراستەی خانەوادەی قوربانیان و زیانلێکەوتووانی لافاوەکە کرد. لە بەرامبەردا قوباد تاڵەبانی دڵنیایی دا کە حکومەت دەستەوەستان نابێت و هەموو رێوشوێنێکی پێویستی گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی خێزانە زیانلێکەوتووەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
سەبارەت بە کابینەی نوێی هەرێم، قوباد تاڵەبانی بە راشکاوی هەڵوێستی حزبەکەی بۆ کونسوڵی بەریتانیا روونکردەوە و جەختیکردەوە، یەکێتی دەرگای دانەخستووە و ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان، بەڵام بە دیدێکی روونەوە کە بریتییە لە "پێکهێنانی حکومەتێک لەسەر بنەمای پرەنسیپی هاوبەشیی راستەقینە کە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو کوردستان بکات".
قوباد تاڵەبانی وتی: "جەختمان کردووەتەوە لەسەر پێویستیی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز، حکومەتێک کە بتوانێت کێشەکانی عیراق و لەناویشیاندا کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بە لێکتێگەیشتن و بەپێی دەستوور چارەسەر بکات".
سەبارەت بە بەغداش، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە سەردانەکەی ئەم دواییەی وەفدی باڵای یەکێتی بۆ پایتەختی عیراق کرد و رایگەیاند، دید و بەرنامەی یەکێتی بۆ لایەنە عیراقییەکان روونکراوەتەوە.