قوباد تاڵەبانی لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبووەوە
نهانیوز-هەواڵەکان
قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی وەفدێکی باڵای یەکێتی سەردانی بەغدای کرد و لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە سەرلەئێوارەی رۆژی یەکشەمە(7/12/2025) بەڕێوەچوو، باس لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرا و هەردوولا هاوڕابوون، بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی هەڵبژاردن دەستکەوتێکی گرنگی دیموکراسییە بۆ هەموو گەلی عێراق و هیوایان خواست بەپێی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن حکومەتێک پێکبهێنرێت کە لە ئاستی چاوەڕوانی و رەزامەندیی هەموو پێکهاتەکانی عێراقدا بێت.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێیوایە بەشێکی گەورەی کێشەکانی عێراق و لەناویشیاندا کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بە گەڕانەوە بۆ دەستوور چارەسەر دەکرێن، هەربۆیە یەکێتی، پابەندبوون بە دەستوور و جێبەجێکردنی هەموو مادەکانی دەستوور بە تەنها رێگەچارە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و هەنگاونان بەرەو عێراقێکی سەقامگیرتر و گەشەسەندوو دەزانێت.
سەرۆکی وەفدی یەکێتی لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جەختی کردەوە کە یەکێتی پێداگرە لەسەر ئەوەی ئەولەوییەتی یەکەمی هەردوو حکومەتی داهاتووی هەرێم و بەغدا دەبێت چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان بێت، بە تایبەتیش کێشەی بودجە و نابێت بە هیچ شێوەیەک چیتر بودجە وەک مافێکی دەستووری خەڵکی کوردستان بخرێتە چوارچێوەی ناکۆکی و ململانێ سیاسییەکانەوە.
|