حکومەتی هەرێم لەبارەی سەردانەکەی مەسعود بارزانی بۆ تورکیا روونکردنەوە دەدات
نهانیوز-هەواڵەکان
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا سەردانەکەی مەسعود بارزانی بۆ پارێزگای شرناخ و دەڤەری جزیرێ بە "مێژوویی" ناودەبات و هاوکات نیگەرانیی خۆی لە لێکدانەوە جیاواز و نەخوازراوەکانی دوای سەردانەکە دەردەبڕێت.
پێنجشەممە 4ی تشرینی یەکەم حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە "سەردانی مێژوویی مەسعود بارزانی بۆ پارێزگەی شرناخ و دەڤەری جزیرێ و بەشداریکردنی لە سیمپۆزیۆمی مەلایێ جزیری و دەربڕینی پشتیوانیی خۆیان بۆ پرۆسەی ئاشتی، جێگەی سوپاس و پێزانینە."
حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوە کردووە کە دوای سەردانەکە، "لێکدانەوە و خوێندنەوەی جیاواز و نەخوازراو و دوور لە مەبەست هاتنە ئاراوە، کە دڵگرانیی لێکەوتەوە."
حکومەت جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە "سەردەمێکی ناوازە لە پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری تورکیا و هەرێمی کوردستان لە ئارادایە" و پرۆسەی ئاشتی بە "هەنگاوێکی دروست" بۆ چارەسەرکردنی پرسێکی هەستیار وەسف کرد.
لە کۆتاییدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای کرد کە "هەموو لایەک بە هاوکاریی یەکتر، هەوڵی ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکان بدەن و جەخت لە قووڵترکردنی پەیوەندییەکان و بەدیهێنانی ئاشتەوایی و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و سەقامگیریی ناوچەکە بکەنەوە."
|