قوباد تاڵەبانی تێچووی نۆژەنکردنەوەی گۆڕستانەکەی کۆیە لە ئەستۆ دەگرێت
نهانیوز-هەواڵەکان
قایمقامی کۆیە ڕایگەیاند"نووسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، پەیوەندیی پێوەکردوون و تێچووی نۆژەنکردنەوەی گۆڕستانەکە لە ئەستۆدەگرن"، دەشڵێت" لێکۆڵینەوەی جددی لە شێواندی چەند گۆڕێکی کریستیانەکان دەکرێت".
پێنجشەممە 4ی کانوونی یەکەم تاریق حەیدەری قایمقامی کۆیە بە میدیاکانی ڕاگەیاند" لە یەکەم ساتی ڕووداوەکەوە نووسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیوەندییان پێوەکردوون و ئامادەییان دەربڕیوە بۆ لەئەستۆگردنی نۆژەنکردنەوەی گۆڕستانەکە و سبەی دەست بەکاری نۆژەنکردنەوەکە دەکرێت."
تاریق حەیدەری دەشڵێت" بەتوندی سەرکۆنەی ئەو کارە تێکدەرانە دەکەن کە دژی پێکەوەژیانی هەزاران ساڵەی هاونیشتمانییانی کۆیەیە و لایەنە ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە لە ڕووداوەکە".
|