شوێنی ئاراستە کردنی درۆنەکانی کۆرمۆر ئاشکرا کرا
نهانیوز-هەواڵەکان
بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەی لیژنە ئەمنییە هاوبەشەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان، شوێنی پێشبینیکراوی هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەوێتە سێگۆشەی نێوان (سلێمان بەگ، دوزخورماتوو و ئامرلی).
لیژنەى لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەى سەر کۆرمۆر ڕاگەیێنراوێکى بڵاوکردەوە و ئاشکرایدەکات، هێرشەکە لەڕیگەی دوو درۆنەوە ئەنجامدراوە و گەیشتوون بەناوی ئەنجامدەرانی هێرشەکە، کە بە تیرۆریستی ناوی دەبات و پێشنیازی دابینی کردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی بۆ کێڵگەکە دەکات.
ڕاپۆرتی لیژنەکە لە دوو بەش پێکدێت، بەشێکیان ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەیە و بەشی دووەمی ڕاپۆرتەکەش، پێشنیازی لیژنەکەیە بۆ پاراستنی کێڵگەی کۆرمۆر لە داهاتوودا.
بەگوێرەى ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە، هێرشەکە لە ڕێگەی دوو درۆنەوە ئەنجامدراون، درۆنی یەکەمیان کێڵگەکەی کردووەتە ئامانج، درۆنی دووەمیش لە دەرەوەی کێڵگەکە کەوتووەتە خوارەوە، پاشماوەی درۆنەکان لەلایەن تیمەکانی بەڵگەی تاوانەوە هەڵگیراونەتەوە، بەمەبەستی بەتاڵکردنەوەی هاردەکانیان.
هەر بەگوێرەى ڕاپۆرتەکە، ئەو درۆنانەی ئاڕاستەی کێلگەی کۆرمۆر کراون، لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی خورماتووەوە ئاڕاستە کراون، ئەمەش یانزەیەمین هێرشە لەو ناوچەیەوە دەکرێتەسەر کۆرمۆر.
|