کوردستان

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە

نهانیوز-هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە مایکڵ ریگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئەمریکا و چەند پرسێکی گرنگی جێی بایەخی هەردوولا کرا.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە(3/12/2025) بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆکوەزیران پیرۆزبایی کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمریکای کرد لە هەرێمی کوردستان و بە رووداوێکی گرنگی ناوبرد کە ئاماژەیە بۆ بەهێزی و گرنگیی پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و هەرێم.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر کاری زیاتر بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان. لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند دەرگای هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان کراوەیە بەڕووی ئەمریکادا بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان لە هەموو بوارەکاندا و بە تایبەتیش لە بوارەکانی ئەمنی و ئابووری و بازرگانی و کلتووریدا.

سەبارەت بە هێرشکردنەسەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، هەردوولا هاوڕابوون ئەم هێرشە تیرۆریستییە بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێمی کوردستانە و دەبێت کۆتایی بەم جۆرە هێرشانە بهێنرێت. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، بەردەوامی و چەندبارەبوونەوەی هێرشەکان بۆسەر ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێم سەلمێنەری ئەوەیە کە پێویستە ئاستی هەماهەنگی نێوان هەرێم و ئەمریکا بەردەوام و زیاتر بێت.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پێكهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کرا. قوباد تاڵەبانی لەمبارەیەوە جەختی کردەوە ئامادەین بۆ پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای هاوسەنگی و هاوبەشیی راستەقینە کە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو هاوڵاتییان و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکات.
لەبارەی هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازییەکانی وەزارتی پێشمەرگەشەوە، جەختکرایەوە لەسەر بەردەوامی هەنگاوەکانی چاکسازی بەوجۆرەی پلانی بۆ دانراوە. جێگری سەرۆکوەزیران رایگەیاند چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە قۆناغی باشی بڕیوە و سوپاسی ئەمریکای کرد بۆ هاوکاریکردنی هەرێم لەمبارەیەوە و جەختیشی کردەوە لەسەر بەردەوامی پرۆسەکە تا ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی هێزێکی راهێنراوی پیشەیی و نیشتمانی و دوور لە هەرچەشنە دەستێوەردان و ئینتمایەکی حیزبی.

18کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.