کوردستان

لەبارەی مووچە راگیراوەکان روونکردنەوە دەدرێت

نهانیوز-هەواڵەکان

ئەو خانەنشین و مووچەخۆرانەی مووچەیان ڕاگیراوە، بە یەك هەنگاو مووچەكانیان خەرج دەكرێت. بەرپرسێكی تۆماری بایۆمەتری دەڵێت: “دوای تۆماركردنیان لە (هەژماری من)، ئێمە فۆڕمێكیان پێ دەدەین و مووچەیان خەرج دەكرێت”.

دووشەممە 1ی کانوونی یەکەم ژیار ئەكرەم، سەرپەرشتیاری بنكەكانی تۆماری بایۆمەتریی هەولێر، میدیای پارتی ڕاگەیاند: “ئەو خانەنشینانەی لە (هەژماری من) تۆمار نەكراون و فۆڕمیان پڕ نەكردووەتەوە، لەو لیستەی لە لایەن فەرمانگەی خانەنشین بۆ بانكەكان نێردراوە ئاماژە بە راگرتنی مووچەكانیان كراوە”.

ئاماژەی بەوەش دا: “لای ئێمە لە بانك مامەڵەی (هەژماری من) دەكەن و فۆڕمێك پڕ دەكەنەوە و مووچەكەشیان وەردەگرن”.

سەرپەرشتیاری بنكەكانی تۆماری بایۆمەتری هەولێر باسی لەوەشکرد: “ئەوانەی فۆڕمەكە پڕ دەكەنەوە، دەبێت كارتی نیشتمانی و كارتی زانیاری و ناسنامەی خانەنشینی بهێنن و پێكەوە كۆپییان بكەن، لەگەڵ وێنەیەكی خۆیان، ئەوكات تۆمار دەكرێن”.

روونیشی كردەوە: “كاتێک ئەو مامەڵەیە تەواو بوو، ئێمە فۆڕمێكیان پێ دەدەین و هەر ئەوكات دەچن مووچەی خۆیان وەردەگرن و كێشەیان نابێت”.

ژیار ئەكرەم، داوای لەو مووچەخۆرانە كرد، بەزووترین كات پەیوەندیی بە بنكەكانی بایۆمەترییەوە بكەن، دەنا مووچەیان بۆ خەرج ناكرێت، وتیشی: “ئێمە دەمانەوێت كێشەكانیان چارەسەر بكرێت و حەز ناكەین مووچەی كەس رابگیرێت”.

سەرپەرشتیاری بنكەكانی تۆماری بایۆمەتریی هەولێر جەختی كردەوە، خانەنشینان و كەسوكاری شەهیدان و فەرمانبەرانیش كە ماون و تۆمار نەكراون، بە ئاسانترین شێوە تۆمار دەكرێن.

 
1 کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.