قوباد تاڵەبانی: یەکێتی بەشداری لە حکومەتێکدا ناکات کە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو شار و ناوچەکان نەکات
نهانیوز-هەواڵەکان
قوباد تاڵەبانی لە میانی دیدارێکدا رایگەیاند"حکومەتی داهاتوو دەبێت بەپێی پرەنسیپی هاوبەشی راستەقینە پێک بهێنرێت".
ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی تشرینی دوەم قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق رایگەیاند" حکومەتی داهاتووی عێراق دەبێت گرنگی بە پرۆسەی گەشەپێدان و هەمەچەشنکردنی ئابووری بدات و زەمینەی گونجاو بڕەخسێنێت بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی لە هەموو کەرتەکان و لە هەموو ناوچەکانی عێراق".
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە ئەرکی هەردوو حکومەتی داهاتووی عێراق و هەرێمە کێشەکانی نێوانیان بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکەن و پێکەوە کاربکەن بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و گەشەپێدانی ئابووریی عێراق و کوردستان.
سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێمیش جێگری سەرۆکی هەرێم روونیکردەوە" حکومەتی داهاتوو دەبێت بەپێی پرەنسیپی هاوبەشی راستەقینە پێک بهێنرێت و یەکێتی بەشداری لە حکومەتێکدا ناکات کە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو شار و ناوچەکان نەکات".
|