کوردستان

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کونسوڵی گشتیی تورکیا کۆبووەوە

نهانیوز-هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ ئەرمان تۆپجو، کونسوڵی گشتیی تورکیا کۆبووەوە و پێکەوە لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێم و تورکیا و دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراق بیروڕایان گۆڕییەوە.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێ شەمە(25/11/2025) بەڕێوەچوو، باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و تورکیا کرا. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی کاری هاوبەش بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاوازەکاندا و بە تایبەتیش لە بواری بازرگانیدا. 

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ئاڵوگۆڕی بیروڕاکرا لەبارەی پرۆسەی سیاسی عێراق لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەدا کە پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز کە مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی تێدا پارێزراوبێت یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی دۆخی ئاسایش و سەقامگیری عێراق. جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی کە دەبێت ئەولەوییەتی هەردوو حکومەتی داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکانی نێوانیان بێت.

2025-11-25
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.