هەواڵێکی خۆش بۆ فەرمانبەران راگەیەنرا
نهانیوز-هەواڵەکان
سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی زەویی فەرمانبەران دەڵێت" تاوەکو ئێستا 480 هەزار فەرمانبەر و خانەنشین ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی پەسەندکراوە.
شەممە 22ی تشرینی دوەم سەربەست مەولود، بە میدیای یەکێتی ڕاگەیاند" ئێستا پەسەندکردنی ناوی فەرمانبەران و خانەنشینان بۆ وەرگرتنی زەویی لە قۆناغی کۆتایی نزیکبووەتەوەو هیچ وەزارەت و فەرمانگەیەک نەماوە کە بە کۆمەڵ ناوی فەرمانبەران یاخود خانەنشینانی لەلابێت و نەیناردبێت بۆ پەسەندکردن".
سەربەست مەولود، ڕوونیکردەوە ئەوەی ماوە تەنیا لە هەندێک لە وەزارەت و فەرمانگەکان بەهۆی بوونی گرفت لە شوێنەکانی خۆیان ژمارەیەک فەرمانبەر و خانەنشین ناویان نەنێردراوە و ئێستا لە چاوەڕوانی ئەوانەدان. گوتیشی "ژمارەکە زۆر نییە و دەتوانین بڵێین ئەو ژمارەی پەسەندکراوە نزیکە لە ژمارەی کۆتایی".
ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە مانگی ئازاری ساڵی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە پێدانی پارچەیەک زەوی بەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی لە کاتی خزمەتی فەرمانبەرییان زەوییان وەرنەگرتووە، تاوەکو ئێستا لە سلێمانی و هەولێر بە چەند قۆناغێک زەوی بە بەشێک لە فەرمانبەران دراوە، بەڵام لە دهۆک و هەڵەبجە دابەشکردنی زەوی دەستیپێنەکردووە.
|