نهانیوز-هەواڵەکان
بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و خانەنشینان ئاگادار دەکاتەوە ئەگەر فۆڕمی هەژماری من پڕنەکەنەوە مووچەکانیان رادەگیرێت.
چوارشەممە 19ی تشرینی دوەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچە (پڕۆژەی هەژماری من) ئاگادارییەکی گرنگی بۆ خانەنشینان بڵاوکردەوە و چەند بڕیارێکی نوێی خستەڕوو.
بەپێی ئاگادارییەکە، سەرجەم ئەو خانەنشین و وارسانەی کە تا ئێستا فۆڕمی پڕۆژەی “هەژماری من”یان پڕ نەکردووەتەوە، مووچەی مانگی ئەیلولیان ڕادەگیرێت و تا ئەو کاتەی فۆڕمەکە پڕ دەکەنەوە مووچەکەیان خەرج ناکرێت.
هەروەها، بەڕێوەبەرایەتییەکە داوا لەو خانەنشینانە دەکات، کە کارتی بانکەکانیان تەواو بووە و وەریان نەگرتووەتەوە، بە زووترین کات سەردانی بانکەکان بکەن، چونکە بڕیارە مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی (١٠)یان لە ڕێگەی کارتی بانکییەوە بۆ خەرج بکرێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی ئاماژەی بەوەدا، کە تا ئێستا نزیکەی (٩٠٪)ی فەرمانبەرانی شارستانی و سەربازی و خانەنشینان لە پڕۆژەی “هەژماری من” خۆیان تۆمار کردووە.
لە بەشێکی دیکەی ئاگادارییەکەدا، هۆشداری توند بەو مووچەخۆرانە دەدرێت کە ماون و خۆیان تۆمار نەکردووە، بەپێی بڕیاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ، “هەر فەرمانبەر و خانەنشین و مووچەخۆرێکی هەرێمی کوردستان تا کۆتایی ئەمساڵ هەژماری بانکی نەبێت و خۆی لە پڕۆژەی هەژماری من تۆمار نەکردبێت، لە بەغداوە مووچەکەی ڕادەگیرێت و لە هەرێم خەرج ناکرێت.”
هەروەها دووپاتی کردەوە، کە لەدوای سەری ساڵی نوێوە دابەشکردنی مووچە بە شێوەی کاش (نەختینە) نامێنێت و “بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی خۆیانە.”