نهانیوز-هەواڵەکان
قوباد تاڵەبانی جیگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ژمارەیەک کۆبوونەوەی گرنگی لە هەولێر ئەنجام دا و لە کۆبوونەوەکاندا جەختی لەسەر پێویستی بەرنامەی هاوبەشی کورد کردەوە للە کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان.
سێشەممە 18ی تشرینی دوەم قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لە هەولێر بە جیا لەگەڵ هەر یەکە لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا و نیكۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا و محەمەد ئەلحەسان، نوێنهری تایبهتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق کۆبووەوە.
بە گوێرەی راگەیەنراویی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکاندا تاوتوێی دۆخی عێراق لە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرا. جێگری سەرۆکوەزیران بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی هەڵبژاردنەکانی بە دەستکەوتێکی گەورە بۆ خەڵکی عێراق وەسف کرد و هیوای خواست بەپێی ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە حکومەتێک پێکبهێنرێت کە لە ئاست داواکارییەکانی هاوڵاتییانی عێراقدابێت و مافەکانی هەموو پێکهاتەکان تیایدا پارێزراوبێت.
قوباد تاڵەبانی جەختیشی کردەوە کە پێویستە ئەولەوییەتی هەر دوو حکومەتی داهاتووی عێراق و هەرێم چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بێت بەپێی دەستور و رایگەیاند چارەسەرکردنی کێشەکان دەرگا دەکاتەوە بەرەو عێراقێکی سەقامگیرتر و هەنگاونان بەرەو گەشەپێدانی ئابووری و باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزارییەکان.
سەبارەت بە چۆنییەتی بەشداریکردنی لایەنە کوردستانییەکان لە حکومەتی داهاتووی عێراقدا، جێگری سەرۆکوەزیران بە پێویستی زانی لایەنە کوردستانییەکان لەڕێی گفتوگۆی بنیاتنەرانەوە لەسەر بەرنامە و پلانی هاوبەش رێکبکەون و بە یەکڕیزییەوە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بکەونە دانووستانەوە بۆ ئەوەی باشتر بتوانن داکۆکی لە مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان بکەن