قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی نوێی کۆریای باشوور کۆبووەوە
نهانیوز-هەواڵەکان
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە لى جۆن ئيل، باڵيۆزى نوێى كۆرياى باشوور و پێکەوە گفتوگۆیان کرد لەبارەی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان کۆریای باشوور و هەرێمی کوردستان.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە(17/11/2025) بە ئامادەبوونی سێنچول لیم، کونسوڵی گشتیی کۆریای باشوور لە هەرێم بەڕێوەچوو، هەڵسەنگاندن کرا بۆ ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. جێگری سەرۆکوەزیران هیوای خواست حکومەتی نوێی عێراق بەزوویی پێکبهێنرێت و تیایدا مافەکانی هەموو پێکهاتەکان پارێزراوبێت.
قوباد تاڵەبانی هاوکارییەکانی حکومەتی کۆریای باشووری بۆ هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند و رایگەیاند کۆریای باشوور دەتوانێت رۆڵێکی کاریگەرتر لە پرۆسەی گەشەپێدانی ئابوری هەرێمی کوردستاندا بگێڕێت بە تایبەتیش کە هەرێم پێویستیی بە ئەزمونی دەوڵەمەندی کۆریا هەیە لە بواری گەشەپێدانی کەرتە جیاوازەکان.
لە تەوەرێکی دیکەدا باس لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەک کرا لە ماوەکانی داهاتوودا کە تیایدا گفتوگۆ دەکرێت لەبارەی بەشداریی ستراتیژیی کۆریای باشوور لە پرۆسەی گەشەپێدانی هەرێمی کوردستاندا.
|