کوردستان

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەفدێکی ئەنجومەنی بازرگانیی ئەمریکا – کوردستان کۆبووەوە

نهانیوز-هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە وەفدێکی ئەنجومەنی بازرگانیی ئەمریکا – کوردستان بە سەرۆکایەتی دەیڤد تەفوری، سەرۆکی ئەنجومەنەکە و پێکەوە تاوتوێی چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولایان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە(17/11/2025) لە هەولێر بەڕێوەچوو، گفتوگۆکرا لەبارەی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان. قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە پرۆسەی گەشەپێدانی ئابوری هەرێم رایگەیاند هەرێمی کوردستان خوازیارە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بەشدارییەکی گەورەتر و کاریگەرتریان هەبێت لەم پرۆسەیەدا و حکومەتی هەرێمیش ئامادەیە هەموو جۆرە هاوکارییەک و کارئاسانییەکیان پێشکەش بکات.

لە تەوەرێکی دیکەدا باس لە پرسی نەوت و گاز کرا. لەم چوارچێوەیەشدا جێگری سەرۆکوەزیران روونیکردەوە کە ئێمە لەگەڵ ئەوەداین لەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا پەلە بکرێت لە پەسندکردنی یاسای نەوت و گاز بە جۆرێک کە یاساکە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا یەکلابکاتەوە و بەپێی دەستور دەسەڵاتەکان و تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگرێت.

قوباد تاڵەبانی جەختیشی کردەوە ئەولەوییەتی ئێمە لەوەدایە کە گاز لە خزمەتی خەڵك و بۆ گەشەپێدانی ژێرخانی پیشەسازی و ئابوری کوردستان بەکاربهێنرێت.

7کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.