ڕەزامەندی لەسەر تاپۆکردنی شوقەکانی شۆراو لە کەرکوک درا
نهانیوز-هەواڵەکان
دوای هەوڵ و بەدواداچوونی ئەنجوومەنی پارێزگا، وەزارەتی پلاندانانی عێراق، بە فەرمی ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر دەستپێکردنی ڕێکارەکانی تاپۆکردنی شوقەکانی شۆراو لە کەرکوک.
دکتۆر ئەحمەد کەرکوکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک ڕایگەیاند، کە لەڕێی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا و دیوانی پارێزگاوە لە بارەی تاپۆکردنی شوقەکانی شۆراو، داواکارییەک ئاراستەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق کرابوو .
وەزارەتەکە ڕەزامەندی خۆی دەربڕیوە لەسەر تاپۆکردنی شوقەکان و دەستی بە ڕێکارە یاساییەکان کردووە.
بەپێی نووسراوی وەزارەتەکە لە کاتی تەواوبوونی ڕێکارە یاسایی و ئیدارییەکاندا، هیچ کرێ و باج و رسووماتێک لە خاوەنی شوقەکان وەرناگیرێت.
جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، وەڵامی وەزارەتی پلاندانان هەنگاوێکی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خاوەندارێتی دانیشتوانی شوقەکانی شۆراو، کە ماوەیەکی زۆرە چاوەڕوانی ئەم بڕیارە بوون.
|