کوردستان

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە

نهانیوز-هەواڵەکان

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا و بەبۆنەی ساڵیادی بونیاتنانی شاری سلێمانی پشتیوانییەکانی بۆ ئەو شارە دووپاتکردەوە و رایگەیاند" ئەم شارە و یەکێتی لە گشت قۆناغەکاندا بە قوربانیدان و گیانبەخشینی هەزاران رۆڵەی لەبەر پەتی سێدارە و لە سەنگەرەکانی  بەرگریدا بوونەتە دوانەیەکی دانەبڕاولە یەکتری".

دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی:

لەیادی 241 ساڵەی بونیادنانی  شاری سلێمانی، پایتەختی ئیمارەتی بابان، پایتەختی  یەکەمین حکومەتی کوردی لە سەردەمی مەلیک مەحمود دا، پایتەختی رۆشنبیری و شۆڕشگێڕی، پیرۆزباییەکی گەرم ئاڕاستەی خەڵکی شار و جەماوەر و دانیشتوانەکەی دەکەین.

شاری سلێمانی لەبزاوت و جوڵانەوەی ئازادیخوازی و شۆڕشگێڕی و کوردایەتیدا، لە بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاریدا  هەمیشە پێشەنگ بووە، بە تایبەتی لە سەردەمی دەستپێکردنی خەباتی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شۆڕشی نوێدا، ئەم شارە و یەکێتی لە گشت قۆناغەکاندا بە قوربانیدان و گیانبەخشینی هەزاران رۆڵەی لەبەر پەتی سێدارە و لە سەنگەرەکانی  بەرگریدا بوونەتە دوانەیەکی دانەبڕاولە یەکتری.

بۆیە لەم یادەدا و جارێکی تر  هەموو پشتیوانییەک بۆ برەودانی  زیاتر بە گەشانەوەو پێشخستنی  شارە حەیاتەکەمان دووپات دەکەینەوە کە لەئاستی جاویدانی و پرشنگداریی سلێمانیدا بێت 

سلێمانی بەمێژوویەکی کەمی بونیادنانی وەک شارێک، بەڵام بە تۆمارێکی زۆری پێشەنگی لە بوارە جیاجیاکانی شارستانێتدا، توانیویەتی ناسنامەیەکی پڕ لە سەرفرازی بۆ خۆی دروست بکات. 

دووبارە پیرۆز بێت ساڵیادی  بونیادنانی شار و هەمیشە  ئاوەدانتر بێت سلێمانی.

مەکتەبی سیاسیی 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 
2025-11-13
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.