کۆمیسیۆن لەبارەی کاندیدە دورخراوەکان روونکردنەوە دەدات
نهانیوز-هەواڵەکان
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرای کرد، پابەندن بە ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن لەماوەی دیاریکراودا. ئاماژەی بەوەشکردووە، دوورخستنەوەی هەر کاندیدێک لە کێبڕکێی هەڵبژاردن و ئەو دەنگانەی بەدەستی هێناوە؛ ئاشکرا ناکرێت.
چوارشەممە 12ی تشرینی دوەم عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند" بەپێی یاسای هەڵبژاردن ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ماوەی 24 کاتژمێردا لە دوای ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن ڕادەگەیێنرێت. بەگوێرەی کۆمیسیۆن ئەنجامە بەراییەکان ڕەنگە لە نێوان کاتژمێر 04:00ی پاشنیوەڕۆ و کاتژمێر 06:00ی ئێوارەدا ڕابگەیێنرێت".
عیماد جەمیل وتیشی" هەر کاندیدێک لە پڕۆسەی هەڵبژاردن دوور بخرێتەوە، ژمارەی دەنگەکانی نە بۆ خۆی نە بۆ لایەنە سیاسییەکەی ئاشکرا ناکرێن و لە ئەنجامی کۆتاییدا هەژمار ناکرێت".
ئەوەش لە کاتێکدایە کە ڕۆژی سێشەممە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە بەشداریی 12 ملیۆن دەنگدەر کۆتایی هات، ئەمڕۆ ئێوارە کۆمیسیۆن ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن بڵاو دەکاتەوە.
|