قوباد تاڵەبانی لەسەر داهاتووی مووچە قسەی خۆی کرد
نها نیوز – هەواڵەکان
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێشوازیکرد لە محەمەد ئەلحەسان، نوێنهرى تايبهتى سكرتێرى گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان له عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی عێراق و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە (10/11/2025) لە هەولێر بەڕێوەچوو، هەردوولا هیوایان خواست رۆژی سێشەممە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دۆخێکی ئارام و بەشێوەیەکی رێکوپێک بەڕێوەبچێت و هاوڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە رێژەیەکی بەرچاو بەشداری بکەن و چارەنووسی چوار ساڵی داهاتووی پرۆسەی سیاسی عێراق دیاری بکەن.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە گرنگیی ئەم هەڵبژاردنە کرد بۆ پەیوەندییەکانی چوار ساڵی داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان و رایگەیاند "هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەیانەوێت کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بنەمای دەستور بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت".
ناوبراو لەو چوارچێوەیەدا بەپێویستیشی زانی ئەولەوییەتی هەردوو حکومەتی داهاتووی عێراق و هەرێم چارەسەرکردنی کێشەکان و بە تایبەتیش کێشەی بودجە و مووچە بێت.
|