یەکێتی وەڵامی پارتی دەداتەوە و دەڵێت؛ خۆڵ مەکەنە چاوی خەڵک
نها نیوز - هەواڵەکان
لێپرسراوی مەڵبەندی 4ی دهۆك و سەرپەرشتاری بادینانی یەكێتی لەسەر دانگدانی حزبەکەی بە مەسیحییەکان دێتە دەنگ و دەڵێت "یەكێتی و پارتی لە دەنگدانی تایبەتدا لە بادینان، دەنگ بە مەسیحی دەدەن، كەچی پارتی دەیەوێت خۆڵ بكاتە چاوی خەڵكەوە و یەكێتی بە خاكفرۆش و خۆشی بە نیشتمانیی لەقەڵەمبدات".
محەمەد عوسمان، لێپرسراوی مەڵبەندی 4ی دهۆك و سەرپەرشتاری بادینانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەماڵپەڕی فەرمی حزبەکەی وت "ئێمە وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ كۆتای مەسیحی، دەنگ بە كاندیدی ژمارە 326 دەدەین كە ئەفسەرێكی یەكێتییە و زیاتر لە 20 ساڵ خزمەتی هەیە، پارتیش بۆ كۆتای مەسیحی دەنگ بە كاندیدێك دەدات كە كادری خۆیانە، بەڵام بەوتەی خۆیان بۆ ئەوان نیشتمان پەروەرییە، بۆ یەكێتی خاك فرۆشتنە، دەیانەوێت بەمجۆرە خۆڵ بكەنە چاوی خەڵكەوە".
وتیشی "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وەك حزبێكی سۆسیال دیموكرات، لەگەڵ هەموو پێكهاتەكانی عێراقدا پەیوەندی توندو تۆڵی هەیە و مەسیحییەكانیش بە بەشێك لە خۆمان دەزانین، چونكە بۆ یەكلاییكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ كورد و یەكێتی، مەسیحییەكان پشتیوان و هاوكارمان بوون و ئێمەش هەمیشە پشتیوانیان دەبین و كاندیدە هاوبەشەكەمان سەردەخەین كە كادری خۆمانە".
|