ژمارەی هێزە ئەمنییەکان لە دەنگدانی تایبەت ئاشکرا کرا
نها نیوز - هەواڵەکان
پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتووی عێراق دەستیپێكرد بەگوێرەی ئامارێکی کۆمسیۆنی باڵایی فیدراڵ یەك ملیۆن و (313) هەزارو (859) كارمەندی هێزە ئەمنیەكان لە پرۆسەی ئەمڕۆدا مافی دەنگدانیان هەیە.
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، ناوەندەكانی دەنگدانی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە شارەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕووی هێزە ئەمنیەكان و ئاوارەكاندا كرایەوە.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن، لە سەرتاسەری عێراق یەك ملیۆن و (313) هەزارو (859) كارمەندی هێزە ئەمنیەكان لە پرۆسەی ئەمڕۆدا مافی دەنگدانیان هەیە، كە دابەشكراون بەسەر (809) ناوەندو (4,501) وێستگەی دەنگداندا.
لە هەرێمی كوردستان دوو سەد و (70) هەزار دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە، کە بەسەر (204) بنکەی دەنگدان و (958) وێستگەدا دابەش کراون.
بەجۆرێک لەهەولێر (85,793) كەس مافی دەنگدانیان هەیە كە دەكاتە (8%) كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە لە پارێزگاكە.
هەروەها لە سلێمانیش، (82,547) كەس مافی دەنگدانیان هەیە كە دەكاتە (7%) كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە لە پارێزگاكە.
هەر بەگوێرەی ئاماری کۆمسیۆن، لە دهۆك (55,993) كەس مافی دەنگدانیان هەیە كە دەكاتە (7%) كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە لە پارێزگاكە.
هاوکات بیست و شەش هەزارو (538) ئاوارەش لە پرۆسەكە ئەمڕۆدا مافی دەنگدانیان هەیە كە دابەشكراون بەسەر (27) ناوەندو (97) وێستگەی دەنگداندا.
جگە لەوەش، پرۆسەكە لە کاتژمێر 7ی بەیانی تا 6ی ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت.
|