ناهنیوز-هەواڵەکان
دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق ڕایدەگەیێنێت لە کاتژمێر 7ی بەیانیی ڕۆژی شەممە، 8ی تشرینی دووەمی 2025، قەدەغەی بانگەشەی میدیایی دەستپێدەکات و تا کاتی داخستنی دوایین بنکەی دەنگدان بەردەوام دەبێت.
پێنجشەممە 6ی تشرینی دوەم دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق بڵاویکردەوە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بڕیاری "قەدەغەی بانگەشەی میدیایی" بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەمەش بە ئامانجی دروستکردنی ژینگەیەکی پیشەیی و بەرپرسیارانە بۆ هەڵبژاردنەکان.
بەگوێرەی نووسراوێکی دەستەکە "قەدەغەی بانگەشەی میدیایی" لە کاتژمێر 7ی بەیانیی ڕۆژی شەممە، 8ی تشرینی دووەمی 2025، دەستپێدەکات. ئەم قەدەغەیە تا کاتی داخستنی دوایین بنکەی دەنگدان بەردەوام دەبێت.
دەستەکە جەخت لە پابەندبوونی هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکاتەوە بە ماددەی 6، بڕگەکانی (2، 4، 5)ی "پەیڕەوی یاساکانی گواستنەوەی میدیایی لە هەڵبژاردنەکان".
• بەپێی یاساکە، بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە بانگەشەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بۆ کاندید یان قەوارە سیاسییەکان قەدەغەیە.
• بڵاوکردنەوەی هەر ماددەیەک بە ئامانجی ناوزڕاندنی کاندید یان قەوارەیەک لە ماوەی قەدەغەکردنی بانگەشەدا ڕێگەپێنەدراوە.
• هەر قسەیەک یان ماددەیەکی ڕاگەیاندن کە ئاماژە بە کاندید یان قەوارەیەکی سیاسی بکات (بۆ یان دژی)، وەک بانگەشەی هەڵبژاردن دادەنرێت.