کوردستان

قوباد تاڵەبانی بانگەوازێکی گرنگی بڵاوکردەوە

نهانیوز-هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند"ئەم یەکێتییەی ئێستا هەمان ئەو یەکێتییەیە هەمیشە داوایان کردووە و ئەو یەکێتییەیە کە خەڵک ئومێدی پێیەتی و دەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات".

پێنجشەممە 6ی تشرینی دوەم قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەڤاڵانی پێشمەرگە و خانەنشینانی پێشمەرگە و پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکانی سنووری راپەڕین کۆبووەوە.

قوباد تاڵەبانی لە دوای کۆبوونەوەکەی و لە پەیامێکدا کە لە هەژماری خۆی لە سۆشیال میدیا بڵاویکردووەتەوە دەڵێت"دەرگای ماڵە گەورەکەی یەکێتی هەمیشە کراوەیە بەڕووی یەکێتییە زویربووەکان، هەم ئەوان بەشێکن لە یەکێتی و هەم یەکێتی بەشێکە لە مێژوو و شوناسی ئەوان."

لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی هاتوە "لە کۆبوونەوەم لەگەڵ هەڤاڵانی پێشمەرگە و خانەنشینانی پێشمەرگە و پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکانی سنووری راپەڕین، داوام لێکردن بە هەمان روحی یەکێتییانە و پێشمەرگانەوە لەم ماوەیەدا یەکێتییە زویربووەکان ئاشت بکەنەوە و هانی خەڵک بدەن بۆ دەنگدان بە یەکێتی، چونکە ئەم یەکێتییەی ئێستا هەمان ئەو یەکێتییەیە هەمیشە داوایان کردووە و ئەو یەکێتییەیە کە خەڵک ئومێدی پێیەتی و دەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات".

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختیش دەکاتەوە لەوەی یەکێتی هەم خاوەنی مێژوویەکی جوان و درەوشاوەیە و هەم توانای قەناعەت پێهێنانی هەیە، بۆیە تەنها مونافیسی یەکێتی هەر خۆیەتی و هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن چاوی لە سەرکەوتنی گەورەترە. ئەمجارەش بە دڵنیاییەوە بەو پێشمەرگە و تێکۆشەر و جەماوەرە دڵسۆزەوە سەرکەوتنی زۆر گەورە بەدەست دەهێنین.

 
3کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.