مووچەی مانگی نۆ یەکلادەکرێتەوە
                        
                        
                             
                         
                             نها نیوز - هەواڵەکان 
ئەمڕۆ چارەنووسی مووچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و لە پەراوێزی دانیشتنەکەدا گفتوگۆی لەسەر بکرێت.
 
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە، دوایین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی پێش هەڵبژاردنەکان ئەنجام دەدات. بەگوێرەی زانیارییەکان، پرسی مووچەی مانگی ئەیلولی هەرێم لە کارنامەی کۆبوونەوەکەدا نییە. بەڵام هیواکان بەستراونەتەوە بەو دانیشتنەی کە بڕیارە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا لەنێوان وەزیرە کوردەکان و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران، ئەنجام بدرێت. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەش، پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هەوڵدەدات پرسەکە بخاتە بەر باس بۆ ئەوەی پێش هەڵبژاردن پارەکە بگاتە دەستی مووچەخۆران.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئامادەکارییەکی کردووە. وەزارەتی دارایی لیستی مووچەی مانگی ئەیلولی ڕادەستی بەغدا کردووە و چاوەڕێی بڕیاری خەرجکردنە.
 
هەروەها، ئەگەر ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری ناردنی مووچە بدات، هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی ڕادەستی بەغدا دەکات.
 
هاوکات ئەگەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا هیچ بڕیارێک لەبارەی مووچەوە نەدرێت، ئەوا پرسەکە بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی 11ـی ئەم مانگە دوادەکەوێت. 
    
                            
                            
                            
                            
                        
       
   
    
    
        
   
   
        
 
        
 
 |