کوردستان

وادەی دابەشکردنی نەوتی سپی لە سەنتەری سلێمانی ڕاگەیەندرا

نها نیوز – هەواڵەکان

سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی نەوت لە بەڕێوەبەرایەتى گشتى نەوت و کانزاکانى سلێمانى ڕایگەیاند، سەرەتای مانگی داهاتوو دابەشکردنی نەوتی سپی دەگاتە ناو سەنتەری شاری سلێمانی.

سەلام عومەر، سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی نەوت لە بەڕێوەبەرایەتى گشتى نەوت و کانزاکانى سلێمانى بە میدیای گۆڕانی وت "تائێستا 16 هەزار خێزان لە ناوچە شاخاوییەکان نەوتیان وەرگرتووە".

وتیشی "پڕۆسەی دابەشکردنی نەوت بەردەوامە، وەک هەموو ساڵێک سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکان دەستپێدەکات و دواتر دەگاتە سەنتەری شار.

سەبارەت بە وادەی دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری شار، سەلام عومەر ئاشکراشیکرد "ئێمە بەپێی ئەو ڕێنمایەی بۆمان هاتووە، دەبێت لەم مانگەدا ناوچە شاخاوییەکان تەواو بکەین، دواتر لە سەرەتای مانگی 12 دێتە ناو سەنتەری شاری سلێمانییەوە".

هەر بەوتەی ناوبراو "ژمارەی ئەو خێزانانەی لە بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی خۆراک تۆمارکراون و بە ئێمە دراون 540 هەزار خێزانە، ئەمە 110 ملیۆن لیتر نەوتی پێویستە، ئەوەی بڕیاری لێدراوە تائێستا فەرمانی 59 ملیۆن لیتر نەوتمان بۆ هاتووە".

سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی نەوت لە سلێمانی راشیگەیاند "هەرکاتێک دابەشکردنی نەوت گەیشتە ناو سەنتەری شاری سلێمانی، هەموو بنکەکان بەبێ کێشە وەریدەگرن".

جێی ئاماژەیە، ئەو نەوتەی حکومەتی هەرێم دابەشیدەکات بۆ هەر خێزانێک 200 لیتر دانراوە و بە بڕی 104 هەزار دینار پێیان دەدرێت.

 
7کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.