کوردستان

عێراق لەسەر یەکێتی دانی بە راستییەکدا نا

نها نیوز - هەواڵەکان

ئه‌مینداری گشتی بزووتنه‌وه‌ی عه‌سایبی ئه‌هلی هه‌ق رایدەگەیەنێت، كێشه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ سه‌ركردایه‌تی كورد باوه‌ڕیان به‌وه‌ نییه‌ كه‌ به‌شێكن له‌ عێراق، دەشڵێت "بافڵ تاڵەبانی رۆڵی سەرەكی هەبووە لە چارەسەركردنی كێشەی نەوت و مووچە". 

قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزووتنه‌وه‌ی عەسایبی ئەهلی هەق، له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی "ئەلعه‌هد" وتی "چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر ئاسانە ئەگەر نیەتی راستۆگۆیانە هەبێت، بەڵام هەندێك لە سەرکردەکانی کورد قەناعەتیان بە یەکگرتویی عێراق نییە".

ئاماژەی بەوەشدا، هەندێک له‌ سه‌ركرده‌كانیكورد باوەڕیان وایە، بەرژەوەندییە سیاسییەکانیان وەک پێكهاتەى کورد یان هەرێم لە لاوازکردنی بەغدادایە، بەڵگەی روون لەسەر ئەوە هەیە.

هەروەها قه‌یس خه‌زعه‌لی پێیشیوایه‌، پارەی عێراق و داهاتی نەوتی عێراق بەکاردەهێنرێت، بە ئامانجی تێکدان یان لاوازکردنی ئەزمونی سیاسی و دەسەڵات لە بەغدا.

خەزعەلی باوەڕیشیوایە، هیچ قەناعەتێکی هاوبەش نییە، ئەگەر هەبوایە، زۆر ئاسان دەبوو بۆ ئەوان رێکبکەون، چونکە "سەرچاوەکانی عێراق زۆرن و دەتوانن سود بە هەموو خەڵکەکەی بگەیەنن".

 ئه‌مینداری گشتی بزووتنه‌وه‌ی عه‌سایبی ئه‌هلی هه‌ق دەشڵێت "پێموایە کێشەی بنەڕەتی سەرکردایەتی کورد، کەلە قەناعەت و هۆکارەکانی خۆیانەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەوەیە کە ئەوان بەڕاستی باوەڕیان بە سیستەمی فیدراڵی نییە. ئەوان خۆیان بە گەلێکی ته‌واو دەزانن کە زمان و مێژو و جل و بەرگ و کولتور و ژینگەی شاخاویی خۆیان هەیە، کەلە ڕوانگەی ئەوانەوە وایان لێدەکات شایستەی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بن، لە ئەنجامدا، بەڕاستی باوەڕیان بەوە نییە کە بەشێکن لە عێراق، ئەوە خاڵه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌یه‌".

وتیشی "سه‌ركردایه‌تی كورد وەك کۆنفیدڕاڵی مامەڵە دەكەن نەک فیدراڵی، کۆنفیدڕاڵی واتە مافی سیستمی فیدراڵی وەردەگرن لەکاتێکدا پابەندبونەکانی کۆنفیدڕاڵییەک لە ئەستۆ دەگرن، کۆنفیدڕاڵی لەبنەڕەتدا یەکێتی نێوان دوو دەوڵەتە، پێموایە ئەمە خاڵی بنەڕەتییە و کێشەی جەوهەرییە".

باسی لەوەشکرد، "لەم دواییانەدا لە دوو کەسایەتی گرنگى هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانیمان بیست، کە قوڵایی ستراتیژی راستەقینەی هەولێر به‌غدایە، بێگومان ئێمە بە گەشبینییەوە پێشوازیمان لەم لێدوانە کرد. لەگەڵ ئەوەشدا بەداخەوە ئەمەمان لە کاک مەسرور بارزانی یان کاک مەسعود نەبیستوە، ئایا ئەوانیش دەتوانن ئەم قسانە بكەن؟ من گومانم هەیە".

ناوبراو دووپاتیشیکردەوە "من پشتگیری فیدراڵیزم بە مەرج و پابەندبونی هاوبەش و ماف و ئەرکی هاوبەش بۆ هەردولا".

خەزعەلی خاڵە گرنگەکەی ئاماژە پێداو لەبارەی سەرۆکی یەکێتییەوە ئاشکرایکرد "كاک بافڵ رۆڵی سەرەکی هەبوو لە چارەسەرکردنی قەیرانی ئەم دواییەی مووچە و نەوت. هەروەها من بەشێوەیەکی شەخسیی هانمدا و رۆڵی خۆمم بینی لە یارمەتیدانی ئەو بۆ گەیشتن بەم ئەنجامە، بۆ ئەوەی ئومێدێك بۆ گەلی کورد بمێنێتەوە، بەوەی هەرچەندە دۆخەکە خراپ بێت، هەمیشە هیوا هەیە".
9کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.