نها نیوز – هەواڵەکان
ئابووریناسێک ڕایگەیاند، خەرجییەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، چوار ترلیۆن دینارە، کە دەکاتە نزیکەی سێ ملیار دۆلار.
مەنار عوبێدی، شارەزای ئابووری بە میدیای "ئۆڵترا"ی عێراقی وت "تائێستا هیچ داتایەکی ورد لەسەر قەبارەی ڕاستەقینەی خەرجی بانگەشەکانی هەڵبژاردن لە عێراقدا نییە، بەڵام بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکان کە لەسەر بنەمای ژمارەی کاندیدەکان و قەبارەی ڕێکلام و پۆستەرە تەقلیدی و دیجیتاڵییەکان کراوە، کۆی خەرجییەکانی هەڵبژاردن لە سێ بۆ چوار ترلیۆن دیناری عێراقیە، ڕەنگە لەراستیدا ژمارەکە زۆر زیاتر بێت."
عوبێدی وتیشی "پێدەچێت خەرجی ئەم هەڵمەتانە لەژێر کۆنتڕۆڵ دەرچووبێت، واتە ئەو خەرجیە زۆرە سەرچاوەی دارایی و شێوازەکانی خەرجکردن یان لایەنی دابینکردنی ئەو پارانە دیار نییە".
هاوکات لە راپۆرتێکی پێگەی "میدڵ ئێست"ـیشدا ئاشکراکراوە "سەرەڕای ئەوەی عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە نەوت، بەڵام ڕووبەڕووی ئاستەنگی ئابووریی زۆر بووەتەوە، کەلە ئەنجامدا هەژارییەکی بەرفراوان و مەترسیدار بڵاوبووەتەوە، بەگوێرەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان، بە ملیۆنان عێراقی لەژێر هێڵی هەژارییدان، ئەم دۆخە بەهۆی هەڵاوسانی بەردەوام و تێکچوونی دۆخی ئابووری زیاتر خراپتر دەبێت".
هەر بەوتەی ئەو ئابووریناسە "توێژی گەنجان بەدەست بێکارییەوە گرفتارن، چونکە کەمی هەلی کار لە کەرتی تایبەت و پشتبەستن بە دامەزراندنی کەرتی گشتیی، ڕێژەیەی بێکاریی بەرز کردووەتەوە، هەروەها زۆربەی پارێزگاکانی عێراق بەدەست نەبوونی کارەبا، چاودێری تەندروستی و پەروەردەوە گیرۆدەن".
"تێچووی کورسییەکی پەرلەمان تا پێنج ملیار دینار دەڕوات، ئەمەش کاریگەریی هەژموونی پارەی لە هەبژاردنەکان بەسەر سیاسەت زەقتر کردووەتەوە بۆتە هەڕەشە لەسەر دیموکراسی و پاڵێوراوە سەربەخۆکانیش پەراوێز دەخات". مەنار عوبێدی وا دەڵێت