قوباد تاڵەبانی: یەکێتی و سەرۆکەکەی هەر بەڵێنێک بدەن جێبەجێی دەکەن
نهانیوز-هەواڵەکان
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند" داوام لە هەڤاڵان کرد لەم ماوەیەدا پەیوەندیی بە یەک بە یەکی خەڵکی ناڕازییەوە بکەن و قەناعەتییان پێ بهێنن کە یەکێتی خاوەنی بەڵێنی خۆیەتی و دڵنیایان بکەنەوە کە یەکێتی لە بەغداد بەڵێنەکانی جێبەجێ دەکات".
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە پەیامێکدا لە ئەکانتی تایبەتی خۆی لە فەیس بووک بڵاویکردەوە"یەکێتی و سەرۆکەکەی بەوە دەناسرێنەوە کە خاوەنی بەڵێنی خۆیانن و هەر بەڵێنێک بدەن جێبەجێی دەکەن، بەڵێنماندا کار دەکەین بەغداد دان بە پارێزگای هەڵەبجەدا بنێت و کردمان، بەڵێنماندا رێگەنادەین بە یاسا کۆنەکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و کردمان، بەڵێنماندا پارێزگارێکی کوردی خزمەتگوزار بۆ کەرکوک دادەنێین و کردمان، بەڵێنماندا هاوسەنگیی هێز دەگەڕێنینەوە و کردمان، بەڵێنماندا حکومەتی هەرێم پێكنایەت بەبێ هاوبەشیی راستەقینە و بەبێ ئەوەی دڵنیابین کە حکومەتێکی دادپەروەر و خزمەتگوزار دەبێت، تا ئێستا لەسەر ئەو بەڵێنە ماوین".
قوباد تاڵەبانی لە بەشێکی دیکە پەیامەکەیدا دەشڵێت" لە کۆبوونەوەم لەگەڵ هەڤاڵانی بازنەکانی چۆمان و حاجی ئۆمەران جەختم کردەوە کە هەرچی دەنگی ناڕازییە لە راستیدا دەنگی رەسەنی یەکێتییە. داوام لە هەڤاڵان کرد لەم ماوەیەدا پەیوەندیی بە یەک بە یەکی خەڵکی ناڕازییەوە بکەن و قەناعەتییان پێ بهێنن کە یەکێتی خاوەنی بەڵێنی خۆیەتی و دڵنیایان بکەنەوە کە یەکێتی لە بەغداد بەڵێنەکانی جێبەجێ دەکات. دڵنیایان بکەنەوە کە رۆژێک لە رۆژان پەشیمان نابنەوە لە دەنگدان بەم یەکێتییەی ئێستا."
|