قوباد تاڵەبانی : یەکێتیی کاردەکات بۆ ئاشتکردنەوەی دەنگدەرە ناڕازییەکانی
نهانیوز-هەواڵەکان
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، یەکێتی ئەو هێزەیە کە هەم دەتوانێت و هەم دەیەوێت کێشەکان لە بەغداد چارەسەر بکات، دەشڵێت "یەکێتیی لەم هەڵبژاردنەدا کاردەکات بۆ ئاشتکردنەوەی دەنگدەرە ناڕازییەکانی، تا زۆرترین پەرلەمانتار بنێرینە بەغدا".
قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری بازنەی هەولێری لیستی 222ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژەی بەوەکرد، قەزای سۆران بۆ یەکێتی مەڵبەندێکی زۆر گرنگە، چونکە شوێنی بەیەکگەیشتن و تێکەڵاوبوونی چەندین زاراوە و کلتوری جوانی کوردستانە.
وتیشی "رەنگە زۆر کەس و لایەن بتوانێت بە ئاسانی باس لە کێشە و گرفتەکانی خەڵک بکات، چونکە روونە کێشە و داواکاریی خەڵک چییە، بەڵام هەموو کەس و لایەنێک توانا و هێزی پێویستی نییە چارەسەریان بکات، یەکێتی ئەو هێزەیە کە هەم دەتوانێت و هەم دەیەوێت کێشەکان لە بەغداد چارەسەر بکات."
ئاماژەی بەوەشکرد، دابەشبوونی دەنگی خەڵکی ناڕازی و بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی ئەو لایەنەیە کە هۆکار و سەرچاوەی کێشەکانە، بۆیە پێویستە هەڤاڵانمان لەم ماوەیەدا هەموو هێزی خۆیان بخەنەگەڕ تا زۆرترین خەڵکی ناڕازی هان بدەن تا دەنگ بدەن بە یەکێتی، چونکە بەڵێن و بڕیاری یەکێتییە کە دەبێتە هێزی خەڵکی ناڕازی کوردستان لە بەغداد و لە کوردستان.
|