نهانیوز-هەواڵەکان
یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە وەزارەتی دارایی هەرێم لە ئێستادا سەرقاڵی کۆکردنەوە و ناردنی 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆیە بۆ ئەوەی رەوانەی بەغدادی بکات، دەشلێت"ئەگەر هەیە لە مانگی 11 دوو مووچە دابەش بکرێت".
سێشەممە 28ی تشرینی یەکەم ڕێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بە میدیای پارتی راگەیاند" وەزارەتی دارایی بە زوویی 120 ملیار دینار وەک داهاتی ناوخۆ بۆ بەدا دەنێرێت".
ڕێباز حەملان وتیشی" ئەگەری زۆر هەیە لە مانگی 11 دوو مووچە دابەشبکرێت، مووچەی مانگی 9 لە سەرەتای مانگ و دواتریش مووچەی مانگی 10 دابەش بکرێت".
جەختیشی کردەوە لەوەی بەغداد هیچ بیانوویەکی نەماوە و پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج بکات.
لای خۆشییەوە جەمال کۆچەر پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق تایبەت بە نها نیوزی راگەیاند" کە لە ئەگەری ئەوەی هەرێم بەزوویی و بەبێ دەستاودەستکردن وچاوەڕوانی لە بەڵێنی بەغدا داهاتی ناوخۆیی بنێرێت مەرجە لەسەر حکومەتی فیدراڵی کە مووچەیەکی دیکەش تا پێش هەڵبژاردن بۆ هەرێم بنێرێت.
جەماڵ کۆچەر وتیشی" بە گوێرەی بودجەی تشغیلی حکومەتی عێراق دەبێت مووچەکانی مانگی ،10،11 و 12 بۆ هەرێم خەرج بکات".
ئەوەش لە کاتێکدایە دابەشکردنی مووچەی مانگی 8 لە دووشەممەوە دەستیپێکردوە و بە گوێرەی خشتەی مووچە بڕیارە لە ماوەی سێ ڕۆژدا مووچەی سەرجەم وەزارەت و دەستەکان دابەش بکرێت.