کوردستان

قوباد تاڵەبانی بەلێدوانێک هیوا دەبەخشێت بە هاوڵاتیانی نارازی هەرێم

نهانیوز-هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی لە میانی بەشداریکردنی لە هەڵمەتێکی هەڵبژاردن لە ناوچەیەکی هەرێم رایگەیاند" سەردەمی (پەرت بکە و زاڵ بە) بەسەر چووە".

سێشەممە 21ی تشرینی یەکەم بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆبوونەوەیەک لەگەڵ  هەڤاڵانی بازنەکانی 14ی خەبات و 18ی تۆپزاوە و 15ی قوشتەپە بەڕێوەچوو.

قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند" ئەم یەکێتییەی ئێستا چەند ساڵە خۆی بە نوێنەری هەموو ئەو خەڵکە دەزانێت کە ناڕازین لە شێوازی حکومڕانی لە کوردستان و دەشیانەوێت کێشەکانی لەگەڵ بەغدا بەپێی دەستوور چارەسەر بکرێت".

جێگری سەرۆکی هەرێم دەشڵێت" لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا رێژەیەکی زۆری خەڵکی ناڕازی دەنگیان بە لایەنەکانی دیکە داوە، بەڵام با ئێستا لە خۆیان بپرسن دەنگەکانیان چ کاریگەرییەکی هەبووە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان؟ وتیشم دەنگدانی خەڵکی ناڕازی بە لایەنەکانی دیکە لە رابردوودا بە داخەوە هۆکار بوو بۆ تێکچوونی هاوسەنگیی هێز لە بەرژەوەندیی پارتی و یارمەتیدەر بوو بۆ سیاسەتی (پەرت بکە و زاڵ بە)ی پارتی".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیشیدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند"ئەم یەکێتییەی ئێستا کۆتایی بەو سەردەم و سیاسەتە هێناوە، بۆیە بەهێزتر بووە و ئەگەر خەڵکی ناڕازیش لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ بدەن بە یەکێتی جگە لەوەی کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا دەتوانین چارەسەر بکەین، دەشتوانین لە هەرێمیش بە هێزێکی زیاترەوە باری خواری حکومڕانی راست بکەینەوە".

7کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.