بافڵ تاڵەبانی: نوێنەرانی یەکێتی لە بەغداد دەبنە پشتیوان و هێزی خەڵکی هەڵەبجە
نهانیوز-هەواڵەکان
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختی لە گرنگی و پێگەی تایبەتی هەڵەبجە کردەوە و بەڵێنی دا کە نوێنەرانی یەکێتی لە بەغداد دەبنە پشتیوان و هێزی خەڵکی ئەو شارە.
دووشەممە 20ی تشرینی یەکەم بافڵ جەلال تاڵەبانی لە کەرنەڤاڵی بانگەشەی هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەڵەبجە ڕایگەیاند: "هەڵەبجە ڕێزێکی تایبەتی هەیە لای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان" و ئاماژەی بەوەکرد کە "یەکێتی هەمیشە دیفاعی لە هەڵەبجە کردووە."
سەرۆکی یەکێتی جەختی لەوە کردەوە کە "هەڵەبجە دەبێت وەکو شوێنەکانی دیکە خزمەت بکرێت" و ڕایگەیاند: "پارەیەکی زۆر لە بەغداد هەیە و دەبێت ئەو پارەیە لێرە، لە هەڵەبجە و هەرێمی کوردستان، خەرج بکرێت."
سەرۆکی یەکێتی ئاشکرایکرد کە بیرۆکەی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە خەونێکی دێرینی مام جەلال، سکرتێری کۆچکردووی یەکێتی بووە و وتی: "پڕۆژەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە ساڵی 1999ەوە لای مام جەلال گەڵاڵە بوو."
بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕایگەیاند، "یەکێتی بەرنامەی هەیە بۆ ئاوەدانیی هەڵەبجە" و چەندین پڕۆژەی ستراتیژیی بۆ شارەکە خستەڕوو، سەرۆکی یەکێتی جەختی لەوە کردەوە کە پڕۆژەی تایبەتیان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەندروستییەکانی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی و دووپاتیشیکردەوە کە یەکێتی هێزی خەڵکی هەڵەبجە دەبێت لە بەغداد.
|